پاش بیستنی دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە نزیک دامەزراوەی ناوکیی نەتەنز، هەواڵدەرییە فەرمییەکانی ڕێژیمی ئێران، هەر کامیان بە جۆرێک لێکدانەوەی دژ بە یەک بۆ ئەو تەقینەوەیە دەکەن.
هەواڵدەریی فەرمیی ئێران “ئیرنا”، رۆژی شەممە ١٣ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە تەقینەوەیەکی بەهێز لە ٢٠ کیلۆمیتری دامەزراوەی ناوکیی نەتەنز ڕوویداوە؛ لەلایەکی دیکەوە سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی نزیک لە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران ڕایانگەیاندووە کە لەو تەقینەوەیەدا هیچ خەسارێک وەبەر دامەزراوەی ناوکیی نەتەنز نەکەوتووە.
لە درێژەی لێدوانە دژ بە یەکەکانی ڕاگەیاندنەکانی ڕێژیمی ئێران لەهەمبەر تەقینەوەکەی نەتەنز، دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئەو تەقینەوەیە لە ئاکامی تاقیکردنەوەی مووشەکێک بۆ کاردانەوەی خێرا لەهەمبەر ئەگەری هەر جۆرە هێرشێکدا، هاتووەتە ئاراوە.
دامەزراوەی نەتەنز یەکێکە لە گرینگترین دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران کە چالاکییە ناوکییەکان بۆ پیتاندنی ئۆرانیۆمی بە ڕێژەی لەسەتا ٦٠، لەو دامەزراوەیەدا دەکرێ و تا ئێستا چەندین جار هێرش کراوەتە سەر ئەو دامەزراوەیە.
جێگەی ئاماژەیە هەر لەم پێوەندییەدا ئیدی کۆهێن، یەکێک لە شرۆڤەکارانی سیاسیی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر ڕایگەیاندووە کە: “ئەو تەقینەوەیە کە لە ئێران ڕوویداوە، کۆتایی هەموو کارەکانمان نییە و دەبێ کەمێک چاوەڕێ بن؛ ئەوە ئامادەکارییە بۆ ڕووداوێکی گەورەتر.”
شایانی باسە کە پێشتریش، بەرپرسی دەزگای زانیارییەکانی ئیسرائیل “مووساد” ڕایگەیاندبوو کە ئیسرائیل ئیزن نادات هیچ کات ئێران دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا.