هاوکات لەگەڵ شکستی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن و کۆتایی بێئاکامی دەوری حەوتەمی وتووێژەکان، نرخی دراوە بیانییەکان لە ئێراندا هەڵکشانێکی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە، بە جۆرێک کە لە بازاڕەکانی تاران نرخی دۆلارێکی ئەمریکا گەیشتە ٣٠ هەزار تمەن.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران کە ڕۆژی شەممە ١٣ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی بڵاوکراوەتەوە، پاش ڕاگەیاندنی کۆتایی بێئاکامی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن لەلایەن ئەمریکاوە، نرخی دۆلار فڕیوە بە جۆرێک کە هەر دۆلارێکی ئەمریکایی لە بازاڕەکانی تاراندا بە ٣٠هەزار و ٨٠ تمەن فرۆشراوە.
لەم پێوەندییەدا ماڵپەڕی” نوور نیوز” نزیک لە شۆرای باڵای ئەمنییەتی نەتەوەیی ڕێژیمی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا لەهەمبەر چوونەسەری نرخی دۆلار بە تۆمەتبارکردنی کەسانێکی دژبەری ڕێژیم ڕایگەیاند کە هێندێک کەسی سەر بە وڵاتانی نەیاری ئێران، خەریکن خەنجەر لێدەدەن و بە دروستکردنی گوشارێکی دەروونی بەدژی تیمی دانوستانکاری ئێران لە ڤییەن، هەڵکشانی نرخی دۆلار گرێ دەدەنەوە بە بێئاکامی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن.