گرووپی تیرۆریستیی داعش جارێکی تر هێرشی کردەوە سەر باشووری کوردستان و ١٠ پێشمەرگە و ٣ کەسی مەدەنی شەهید کرد.
شەوی پێنجشەممە، ١١ی سەماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، گرووپی تیرۆریستیی داعش لە گوندی “خدریجە”، لە بناری چیای ” قەرەچووخـ”ـی سەر بە شاری مەخموور، جارێکی ترهێرشی کردەوە سەر هاونیشتمانیانی باشووری کوردستان و شەڕ و تێکهەڵچوون لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعش هاتووەتە ئاراوە و لەو شەڕەدا ١٠ پێشمەرگە و ٣ هاونیشتمانیی سێڤیل شەهیدبوون و چوار پێشمەرگە و هاونیشتمانییەکیش بریندار بوون، لەنێو شەهیدەکاندا منداڵێکی ١١ ساڵان کە فیشەکی دەگەیاندە دوو براکەی دیکەی، کەوتە بەر پریشکەی ئارپیجیی تیرۆریستانی داعش و شەهید بوو.
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی شەهیدبوون و برینداربوونی خەڵکی مەدەنی و پێشمەرگەکانی کوردستان، ڕایگەیاندووە: “تیرۆریستان و ئەوانەی پاڵپشتییان دەکەن، دەبێت باجێکی گەورە بدەن، نابێت چی دیکە ڕێگە بدەین تیرۆریستان مۆڵگە و شوێنی حەوانەوەکانیان وەکوو خۆی بمێنن و ناوچەی پارێزراوی خۆیان هەبێت”.
بەرپرسانی هەرێمی کوردستان وێڕای جەختکردنەوەیان لە تۆڵەکردنەوەی خوێنی شەهیدەکان و ڕاماڵینی چەتەکانی داعش لە ناوچەکە، هەروەها نەهێشتنی بۆشاییی ئەمنی لەلایەن هێزە سەربازییەکانی عێراق بە هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچە سنوورییە هاوبەشەکاندا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لە ڕاگەیەندراوێکدا وێرای ئیدانەکردنی هێرشەکەی داعش، جارێکی تر پاڵپشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای لە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ڕاگەیاندەوە.
گرووپی تێرۆریستیی داعش ڕۆژی هەینی، ١٢ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ڕاگەیەندراوێکدا بە فەرمی بەرپرسیارەتیی خۆی لەو هێرشە تیرۆریستییە بە ئەستۆ گرت.