نەفتالی بێنێت، دەڵی: کردەوەی تێرۆرستیی ڕۆژانەی سپای قودسی کۆماری ئیسلامی و گرووپە میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمە ئیدی نابێ چاوپۆشی لێ بکرێ دەبێ لە ناوەندی سەرەکیی بڕیارەکانەوە ڕووبەڕووی ببینەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی “جووییش کرونیکڵ” لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، نەتفالی بێنێت سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وتی: لەمەوبەدوا بۆ هەر کردەوەیەک کە لەلایەن میلیشیا تێرۆریستەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران و سپای قودسی ئەو ڕێژیمە ئەنجام بدرێ، ڕاستەوخۆ لە ناوەندی تاران وڵامیان دەدەینەوە و چیدیکە ئیزن نادەین لە ناوچەکەدا کردەوەی تێکدەرانە ئەنجام بدەن.
ئەوە لە حاڵێکدایە کە کۆماری ئیسلامی لە ڤیەن خەریکی دانوستانە لەگەڵ زلهێزەکانی جیهان بۆ بەدەستهێنانی خاڵی زۆرتر لە ماوەی بووژانەوەی بەرجام و بەرپرسانی ئیسرائیلیش خەریکی خۆتەیارکردنن بۆ بە ئامانجگرتنی ناوەندی تاران لە هەمبەر ولامدانەوەی کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران.
ڕێکخراوی ئاسایشی دەرەوەی ئیسرائیل “مووساد” لە ماوەی ساڵەکانی دواییدا، گورزی کاریگەریان لە بەرنامەی ناوکیی و چەکوچۆڵی ڕێژیمی ئێران داوە کە نموونەکەیان تەقاندنەوەی دامەزراوەی ناوکیی نەتەنز و کوشتنی موحسین فەخریزادە بەرپرسی دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران بوو.