ژنە چالاکی مەدەنیی خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەسبەسەر و چارەنووسی نادیارە.
بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی چوارشەممە ١٠ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، هێزەکانی ئیتلاعاتی بۆکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی “چینی شەریفی بۆکانی” چالاکی مەدەنی خەڵکی ئەو شارە و دەسبەسەریان کردووە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم ماڵی ئەو چالاکە مەدەنییەیان پشکنیوە و هاوکات دەستیان بە سەر مۆبایلی ئەو خاتوونە و هەروەها کوڕە تەمەن ١٠ ساڵەکەیدا گرتووە.
ڕۆژی ٢٠ی خەزەڵوەر، عومەر شەریفی بۆکانی باوکی چینی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی تاران دەسبەسەر و پاش یەک ڕۆژ ئازاد کرابوو.
شایانی باسە عومەر شەریفی بۆکانی ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە بۆکان دەسبەسەر و لەلایەن دەزگای قەزایی ئەو ڕێژیمەوە بە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ حیزبێکی کوردستانی سزای ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە دوای تێپەربوونی ٧ ساڵ لەبەندیخانە ئازاد کرا.
تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو چالاکە مەدەنییە لە بەر دەستدا نییە و هەوڵەکانی بنەماڵەکەی لەو پەیوەندییەدا بێ ئاکام ماوەتەوە.