كاربەدەستێكی پۆلیسی ئێران گوتی لە كاتی دەستپێكی سەفەرە نەورۆزییەكانەوە لە ئێران ١٦٩ هاووڵاتیی بەهۆی ڕووداوەكانی هاتوچۆ گیانیان لە دەست داوە.
سەرتیپ ئەسكەندەر موئمینی، جێگری فەرماندەی هێزی ئینتزامیی ئێران گوتوویەتی لە ڕۆژەكانی پشووی سەری ساڵدا بە شێوەی مام ناوەندی لە هەر كاتژمێرێكدا كەسێك لە جاددەكانی ئێران گیانی لە دەست داوە.
موئمینی لە درێژەی قسەكانیدا گوتوویەتی ئەم ڕووداوانە بەهۆی ڕەچاو نەكردنی خاڵە ئیمەنییەكانی ڕێنوێنیی شۆفیری ڕوویان داوە.
سەرۆكی پۆلیسی هاتوچۆی ئێران هەروەها گوتی زیاتر لە سەدی ٤٠ی ئەم ڕووداوانەی كە مردنی مسافیرەكانیان لێ كەوتۆتەوە، پێوەندیان بە وەرگەڕانی ئەم ماشێنانەوە بووە كە شۆفیرەكانیان بە ماندوویەتیو خەواڵووییەوە لێیان خوڕیون.
شایانی باسە جاددەكانی ئێران پڕ رووداوترین جاددەكانی جیهاننو ساڵانە بە سەدان هەزار ڕووداوی هاتوچۆ لەم وڵاتە ڕووی دەدەنو بە هەزاران هاووڵاتیی ئێرانی لەم ڕووداوانەدا گیانیان لە دەست دەدەن.