لە ویلایەتی “تەخار”ـی ئەفغانستان، چەکدارانی تاڵیبان بە هۆی دەنگی مووسیقا و هەڵپەڕکێیەوە هێرشیان کردووەتە سەر ڕێوڕەسمی بووک گواستنەوەیەک و ڕایانگرتووە.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی ئەفغانستان، میلیشیاکانی تاڵیبان لە “چاهـ ئاباد”ـی سەربە ویلایەتی تەخار بەهۆی بوونی دەنگی مووسیقا و خۆشیی خەڵک، هێرشیان کردووەتە سەر ڕێوڕەسمێکی بووک گواستنەوە و تەقەیان لە بەشداربوان کردووە کە لە ئاکامی ئەو هێرشەدا چەندین کەس لە میوانانی ئەو ڕێوڕەسمە بریندار بوون.
جێگای ئاماژەیە کە گرووپی تاڵیبان لە ئەفغانستان بە هەموو شێوەیەک مووسیقای حەرام کردووە و بڵاوکردنەوەی دەنگی موسیقای لەو وڵاتە قەدەغە کردووە.
جێی ئاماژەیە کە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەک چەکداری تاڵیبان لە ویلایەتی “نەنگرهار” بەهۆی بڵاو کردنەوەی دەنگی مووسیقا لە ڕێوڕەسمێکی بووک گواستنەوەدا، دەسڕێژی گولەیان کردوەتە سەر بەشداربوان و بەو هۆیەوە ٣کەس گیانی لەدەستداوە و ١٠کەسی دیکەش بریندار بوون.