پارێزگای هاتای لە باکووری کوردستان جارێکی تر كێشە و ئاڵۆزیی لەنێوان داگیرکەرانی باکوور و ڕۆژاوای کوردستان دروست کردووە.
پارێزگای هاتای لە باکووری کوردستان کە هەنووکە بە یەکێک لە پارێزگا گرنگ و ستراتیژییەکان باکووری کوردستان ئەژمار دەکریت، نزیک بە هەشت دەیە لەمەوبەر و پاش تێپەڕبوونی ماوەیەکی کەم لە دووبارە دابەشبوونەوەی خاکی کوردستان بە هۆکاری دابەشبوونی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بەسەر سێ وڵاتی تورکیە، عێراق و سووریەدا کە کێشە و ئاڵوزیی لەنێوان دوو داگیرکەری نوێی کوردستان، واتە سووریە و تورکیە دروست کردبوو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا جارێکی تر خراوەتەوە ڕۆژەڤ و دیسان ئاڵۆزیی لە نێوان ئەو دوو داگیرکەرەی ڕۆژاوا و باکووری کوردستان دروست کردەوە.
ڕۆژی سێشەممە ٩ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، بەبۆنەی تێپەڕبوونی 82 ساڵ بەسەر کۆنترۆڵکردنی پارێزگای هاتای لەلایەن تورکیەوە، پارلمانی سووریە ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و لەو ڕاگەیەندراوەدا پارێزگای هاتای بە دڵی سووریە و پارێزگایەکی دانەبڕاوی ئەو وڵاتەی لەقەڵەم داوە و لە بەشێکی ڕاگەیەندراوکەەکدا هاتووە: بە دڵنیایییەوە ئەوەی لە دەستمان بێت بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پارێزگایە دەیکەین و لە دەستی نەوەکانی عوسمانی وەری دەگرینەوە”.
لە بەرانبەر ڕاگەیەندراوەکەی پارلمانی سووریەدا ڕۆژی هەینی، ١٢ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، “خولووسی ئاکار”، وەزیری بەرگریی تورکیە لەگەڵ کۆمەڵێک لە فەرماندەرانی سەربازیی ئەو وڵاتە گەیشتنە شاری “ئەنتاکیا”ی ناوەندی ئەو پارێزگایە و لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بە توندی وڵامی ڕاگەیەنداوەکەی پارلەمانی سووریەی دایەوە و ئەو ڕاگەیەندراوەی بە هاتوهاوار و وڕینەی سەرخۆشێک لەقەڵەم داوە کە هیج بایەخ و بەها و نرخێکیان نییە و هاوکات هەر لەو لێدوانەدا جەختیشی لەسەر هێرشەکانی تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوا و باشووری کوردستان کردەوە.