دیپلۆماتکارانی ئورووپایی، سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە ئێران داوای ئاڵوگۆڕێکی گەورە لە ڕەشنووسی ڕێککەوتنی ڤییەن دەکات ڕایانگەیاند کە داواکارییەکانی ئێران، نیگەران و بێهیوامان دەکا لە درێژەی وتووێژەکان.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ئاکسیووس، دیپلۆماتکارە ئورووپاییەکان، ڕۆژی هەینی ١٢ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، ڕایانگەیاندووە کە داواکارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەوری حەوتەمی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن، نیگەران و بێ هیوای کردووین و ئێران کەلێنێکی گەورەی خستۆتە نێو وتووێژەکانەوە کە نازانین چۆنی چارەسەر بکەین.
هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژی هەینی ئێمانۆئێل مەکرۆن، سەرۆککۆماری فەرانسە ڕایگەیاندبوو کە دەوری حەوتەمی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن لەگەڵ ئێران سەرکەوتوو نەبووە و دەسپێکردنەوەی دەورەیەکی نوێ لە وتووێژەکانی ڤییەن لەگەڵ ئێران لە داهاتوویەکی نزیکدا دوور لە چاوەڕوانی ئێمەیە.
لەلایەکی دیکەوە ئێنریکە مۆرا، ڕێکخەری کاروباری یەکیەتیی ئورووپا لەم پێوندییەدا وتی: وتووێژەکانی ڤییەن بۆ هەتاهەتایە درێژەی نابێ و زۆر پێویستە کە ئەم وتووێژانە بە خێراترین کات بە ئاکامێک بگات.
ماڵپەڕی ئاکسیووس لە زاری دیپلۆماتکارانی بەشدار لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن ڕایگەیاند کە داواکارییەکانی ڕێژیمی ئێران لە دانیشتنەکاندا یەک لایانەیە و داواکارییەکانیان لەلایەن ئێمەوە وەرناگیردرێ.
پێشتر عەلی باقری ، بەرپرسی تیمی وتووێژی ئێران لە ڤییەن ڕایگەیاندبوو کە ئێمە دوو بەڵگە و داوکاری گرینگمان لە پێوەندی لەگەڵ لاچوونی گەمارۆکان و بەرنامەی ناوکیی ئێران داوە بە وڵاتانی بەشدار لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن.
هەرلەم پێوەندییەدا ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ئەمنییەتیدا لە ستۆکهۆڵم وتی: هەوڵەکانی ئەم دواییانەی ڕێژیمی ئێران لەهەمبەر بەرەو پێشبردنی بەرنامەی ناوکیی وڵاتەکەی مەترسی شکستی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن زیاتر دەکات.