له ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا‌و له پێشوازی ساڵی نوێی هه‌تاوی و رێوره‌سمه‌کانی چوارشه‌ممه سووری و به‌تایبه‌ت به‌ڕێوه‌بردنی رێوره‌سمه‌کانی نه‌ورۆزدا، خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان نیشانیان دایه‌وه که ئه‌م گه‌له “هه‌ر زیندوووه” و ئاڵای شۆڕش و خه‌باتی بۆ وه‌دیهێنانی ئاڕمانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی قه‌ت نانه‌وێ.
خه‌ڵکی شار‌و ناوچه جۆڕاوجۆره‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان سه‌ره‌ڕای هه‌ڕه‌شه‌و گوشاری هێزه سه‌رکوتکه‌ره‌کانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی، به خۆئاماده‌کردنێکی رێکخراو و، به کلتووری کۆن و له‌مێژینه‌ی خۆیان – هه‌ر له پۆشینی جل و به‌رگی جوان و ئاڵ و واڵای کوردی و چڕینی سروود‌و و گۆڕانیی کوردی یه‌وه بگره تا کردنه‌وه‌ی ئاوری سووری چوارشه‌ممه‌سووری و نه‌ورۆز- به شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو و، له هه‌مانکاتدا مانادار رێوره‌سمه‌کانی نه‌ورۆز و سه‌ری ساڵی نوێیان به‌ڕێوه برد.
له گه‌ڵ ئه‌وه که ئه‌م جۆره رێوره‌سمانه له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا -جارێک به‌شێوه‌ی به‌ربڵاو و به‌رچاو و، ساڵێکی تر به شێوه‌ی که‌مڕه‌نگ -به‌ڕێوه‌چوون، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌مساڵ له چه‌ند روویه‌که‌وه ده‌توانین بڵێین جیاوازتر له ساڵانی پێشتر بوو.
رێوره‌سمه‌کانی نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ له ئاستێکی بهربهرینتر له ساڵانی رابردوودا به‌ڕێوه‌چوون. بەو هۆیەوەکە گوشارێکی ئه‌منییه‌تی به سه‌ر فه‌زای شاره‌کانی کوردستان دا زاڵه، ئه‌م رێوره‌سمانه له شاره گه‌وره‌کاندا ئیزنی به‌ڕێوه‌چوونیان پێ نه‌درا، به‌ڵام هه‌ر وه‌ک دیتمان له زۆرێک له شاره‌دێیه‌کانی کوردستان و به حزوور و به‌شداریی خه‌ڵکێکی زۆری شاره‌کانی کوردستان، بڵێسه‌ی ئاوری نه‌ورۆز په‌یامی به گوێی دۆست و دوژمن دا دا.
هه‌ر وه‌ک باس کرا، رێوره‌سمه‌کانی نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ رێکخراوتر له ساڵانی رابردوو به‌ڕێوه‌چوون. به‌و مانایه که چالاکانی فه‌رهه‌نگی، مه‌ده‌نی و ژینگه‌پارێزی هه‌ر ناوچه‌یه‌ک به هه‌ماهه‌نگی له گه‌ڵ خه‌ڵکی ئه‌و ناوچه‌یه، هه‌وڵیان دابوو که تواناکانیان بخه‌نه سه‌ر یه‌ک و به کۆکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک له شوێنێکی دیاریکراو به‌رنامه‌یه‌کی تایبه‌ت و فره‌چه‌شن پێک بێنن. کۆبوونه‌وه‌ی خه‌ڵکێکی زۆرتر له ساڵانی رابردوو له رێوره‌سمه‌کان و کۆتایی هێنان به کۆڕ‌و کۆبوونه‌وه‌ی چووکهو لێک‌بڵاو له‌م ساڵدا، نیشانه‌یه‌کی دیکه‌ی رێکخرابوونی رێوره‌سمه‌کانه که په‌یامێکی خۆش بڵاوده‌کاته‌وه. ئەو پەیامەش ئەوەیە که به خۆشییه‌وه خه‌ڵک به ئاستێک له خۆرێکخستن گه‌یشتووه که ده‌کرێ بۆ هه‌رچی به رێکخراوترکردنی وزه‌و تواناکانی کۆمه‌ڵگای کوردستان پشتی پێ ببه‌ستین.
“یه‌کڕیزی” و “یه‌کگرتوویی”، شاخس(تایبه‌تمه‌ندی)یه‌کی دیکه‌ی رێوره‌سمه‌کانی نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ بوو. هه‌رچه‌ند خه‌لکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌تایبه‌ت له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا زۆر جار نیشانیان داوه که بۆ به‌ربه‌ره‌کانی به‌رانبه‌ر به پیلان و سیاسه‌ته دژی گه‌لییه‌کانی رێژیم، چه‌نده پێداگری له سه‌ر “یه‌کگرتوویی” و “یه‌کریزی” ده‌که‌نه‌وه، به‌ڵام یه‌کگرتوویی و یه‌کهه‌ڵوێستیی خه‌ڵک له رێوره‌سمه‌کانی ئه‌مساڵدا تێکه‌ڵێکه له “ئێراده”و “هوشیاری”. به واتایه‌کی دیکه خه‌ڵکێک ده‌بینی که به ئیراده‌یه‌کی یه‌کگرتووانه‌وه هاتووەتە مەیدان و، زۆر هوشیارانه ده‌زانێ که بۆچی له ده‌وری یه‌ک کۆده‌بێته‌وه. ئه‌گه‌ر له ساڵانی رابردوودا خه‌ڵک زیاتر بە مەبەستی کردنه‌وه‌ی ئاورو هه‌ڵپه‌ڕکێ و شادینواندن بە بۆنەی هاتنی نەورۆز له ده‌وری یه‌ک کۆده‌بوونه‌وه، ئه‌مساڵ هه‌ر ئه‌م خه‌ڵکه له وتنه‌وه‌ی سرووده سهمبولیکهکان و سڵاوناردن بۆ رێبه‌رانی شه‌هیدی بزووتنەوەی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕانەی کوردستان و دووپاتکردنه‌وه‌ی درووشمه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی خۆیان، له ده‌وری ئاوری نه‌ورۆز کۆده‌بنه‌وه‌و ویستی دەروونیی خۆیان نیشان دەدەن.
ئه‌م یه‌کگرتووییه‌ی خه‌ڵک جیا له په‌یامی به‌رزبوونه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و جه‌ماوه‌ری، کۆمه‌ڵه په‌یامێکی دیکه‌یشی تێدایه که ده‌بێ هێزه سیاسییه‌کانی کوردستان جه‌ساره‌تی دانپێدانان و قبووڵکردنیان هه‌بێ. خه‌ڵکی کوردستان که له ژێر سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتێکی سه‌ره‌ڕۆ و دیکتاتۆری وه‌ک رێژیمی کۆماری ئیسلامی‌دا، به ئیراده‌یه‌کی پۆڵایینه‌وه، به بێ گوێدان به هه‌ر هه‌زینه‌و تێچوویه‌کی سیاسی و ئه‌منییه‌تی، ئامادەن به نیشانه‌ی وه‌فاداری به شه‌هیدان و رێبازی شه‌هیده‌کانیان وێنه‌و ناویان به‌رز بکه‌نه‌وه‌و، به کۆڕس و، یه‌کگرتووانه سرووده حه‌ماسی و شۆڕشگێڕییه‌کان بڵێنه‌وه، ده‌بێ چ په‌یام و داوایه‌کی جیا له یه‌کریزی و یه‌کگرتوویی بۆ هێزه سیاسییه‌کان پێ بێ؟!
ئه‌وان باش ده‌زانن که به‌داخه‌وه هێزه سیاسییه‌کانیان نالێک و نایه‌کگرتوون. باش ده‌زانن که ئه‌م نالێکی و نایه‌کگرتووییه چه‌نده شوێنەواری نه‌رێنیی لە سه‌ر جموجۆڵ و خه‌باتی ئه‌وان له نێوخۆی وڵات داناوە و له ئاکامدائەم نالێکی و نایەکگرتووییەی هێزه سیاسییه‌کان بووە بە هۆی نیگەران و تووڕەیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بۆیه له‌و ده‌رفه‌تانه‌دا که بۆیان هه‌ڵده‌که‌وێ، هاوکات له گه‌ڵ نارەزایەتی و بێزاری دەربڕین لە ستەم و بێمافی و هەڵاواردن لە ژێر ده‌سه‌ڵاتی دژی گه‌لیی رێژیمی کۆماری ئیسلامی، داوای یه‌کریزی و هاوهه‌ڵوێستی له هێزه سیاسییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌که‌ن.
نابێ ئه‌وه‌ی ده‌یڵێین به هیچ شێوه‌یه‌ک ته‌فسیری له‌خۆبایی بوونی لێ بکرێ که له‌م نێوه‌دا حیزبی دێموکرات به‌رده‌نگی ئه‌سڵی و سه‌ره‌کیی خه‌ڵکی کوردستان بوو. به‌شدارانی زۆرێک له رێوره‌سمه‌کانی نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ به وتنه‌وه‌ی سرووده‌کانی تایبه‌ت به حیزبی دێموکرات و ناوهێنانی ناوی رێبه‌رانی شه‌هیدی ئه‌م حێزبهو به‌رزکردنه‌وه‌ی وێنه‌کانیان، ئەگەر لە لایەکەوە سه‌لماندیان که حیزبی دێموکرات ئێستاش به نفووزترین هێزی سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه، به‌ڵام لە لایەکی دیکەوە په‌یامه گه‌وره‌که‌شیان که بانگه‌وازی یه‌کریزی و یه‌کبوونه، لە پلەییەکەم دا بۆ رێبه‌ران و کادرو پێشمه‌رگه‌کانی ئه‌م حیزبه نارد.
که‌وابوو له سه‌ر هێزه سیاسییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و به‌تایبه‌ت دێموکراته‌کانه که هه‌ست بەو تەفرەقەیە کە گەورەترین لاوازی و کەمایەسیی بزووتنەوەی نەتەوەیی و خەباتگێڕانە لەم بەشەی کوردستانە، بکەن و گوێ له داوا وپەیامی خه‌ڵک کە یەکگرتوویی و هاوخەباتییە، ڕابگرن. ئیرادە و ئامادەیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ هاتنە مەیدان و بەرزکردنەوەی داواکانی خۆیان، پێمان دەڵێ ئەگەر هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات و بە تایبەتی دیموکراتەکان، یەکگرتوو و هاوخەبات بن، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لێبڕاوانەترو بە شێوەیەکی بەرینتر دێنە مەیدان و خەبات و بەرخۆدانی نەتەوەیی لەم بەشەی کوردستان، جارێکی دیکە، تەنگ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵ دەچنێ.
حیزبی دیموکراتی کوردستان هەر وا کە پێ‌زانین و سوپاسی بۆ هەڵوێستی خەباتخوازانە و نەتەوەیی و وشیارانەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نەورۆزی ئەمساڵ دا هەیە، خۆشی لە ئاست داوا و پەیامی ئەو خەڵکە بە بەرپرسیار دەزانێ و بە نۆرەی خۆی تێ دەکۆشێ ئەم پەیامەی خەڵک، لە سیاسەت و تێکۆشانی ساڵی نوێی خۆی دا،ڕەنگ بداتەوە.