لە درێژەی هێرشە ئاسمانییەکانی هێزی هاوپەیمانیی عەرەبی بۆ سەر میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای مەرئەب ٩٠ میلیشیای حووسی کوژران و ٨ ماشینی سەربازیی ئەو گرووپە میلیشیایە بە تەواوەتی تێکشکاوە.
هاوپەیمانیی عەرەبی بۆ پشتیوانیی لە دەوڵەتی یاسایی یەمەن، ڕۆژی هەینی ١٢ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٣ هێرشی ئاسمانییان کردۆتە سەر بنکە و مۆڵگەی میلیشیا حووسییەکانی سەر بەڕێژیمی ئێران لە پارێزگای مەرئەب و لە ئاکامدا ٩٠ میلیشیای حووسی کوژراون و ٨ ماشینی سەربازیی ئەو گرووپە بە تەواوەتی تێکشکاوە.
هەروەها هاوپەیمانیی عەرەبی ڕایگەیاندووە کە لە درێژەی هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە و مۆڵگەی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو کۆگای چەکوچۆڵی میلیشیا حووسییەکانیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعا کردۆتە ئامانجی هێرشەکانیان و خەسارێکی گەورەیان گەیاندۆتە ئەو گرووپە.
لە لایەکی دیکەوە پاش شکستە بەردەوامەکانی میلیشیا حووسییەکان لە پارێزگای مەرئەب، یووسف ئەلفیشی، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی میلیشیا حووسییەکانی یەمەن، زۆر بە ئاشکرا داوای لە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، حیزبوڵای لوبنان و میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە و عێراق کردووە کە شانبەشانی میلیشیا حووسییەکان لە یەمەن بەدژی دەوڵەتی یاسایی یەمەن شەڕ بکەن.
جێگەی ئاماژەیە کە یووسف عەبدوڵا حوسێن ئەلفیشی ناسراو بە “ئەبوو مالک” کەسی ژمارە ٢٣ لە لیستی ٤٠کەسی گرووپی تێرۆریستی میلیشیا حووسییەکانە کە هاوپەیمانیی عەرەبی خەڵاتێکی ١٠ میلیۆن دۆلارییان بۆ ئەو کەسانەی کە زانیارییان لەسەر شوێنی ناوبراو هەیە دیاریکردووە.
ئەلفیشی، یەکێک لە ئەندامانی شۆرای باڵای سیاسیی میلیشا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانە و یەکێک لە کەسە دەسەڵاتدارەکانە لە سپای قودسی ڕێژیمی ئێران.