هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد کە پێشتر لەلایەن دەزگای قەزاییەوە سزای بەندکرانی بە سەردا سەپابوو، دەسبەسەر کرا.
بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ لە ماوەی رۆژانی ڕابردوودا هاوولاتییەکی خەڵکی گوندی لەج سەر بە شاری مەهاباد بە ناوی “ئەمیر بایزیدی ئازەر” بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی کە سێ مانگ و یەک ڕۆژ بووە دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کراوە.
ئەمیر بایزیدی ئازەر ڕۆژی شەممە ٢٧ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی مەهابادەوە دەسبەسەر و پاش یەک مانگ لە دەسبەسەرکردنی، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتیی ئازاد کرابوو.
ناوبراو دواجار لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە تۆمەتی “هاوکاریی لەگەڵ حیزبێکی دژبەری ڕێژیم سزای ٣ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانی بە سەردا سەپا و ئەو سزایە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەش وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.