شەڕ و تێکهەڵچوون لەنێوان هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران و گرووپی تێرۆریستیی تاڵیبان لە سنووری ئێران و ئەفغانستان هاتە ئاراوە.
سەرەڕای ئەوەی ڕێژیمی ئێران و گرووپی تاڵیبان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو و بەتایبەت لە ماوەی ئەمساڵ و بە هاتنەسەرکاری تاڵیبان لە ئەفغانستان، وەکوو دوو ئیدئۆلۆژی ڕادیکاڵی ئیسلامی سیاسیی توندڕەوی پێچەوانەی یەکتر، پێوەندییەکی باشیان پێکەوە هەبوو، ڕۆژی ڕابردوو شەڕ و تێکهەڵچوون لەنێوان هێزە چەکدارەرکانی ئەو دوو ئیدئۆلۆژییە توندڕەوەدا هاتە ئاراوە.
ڕۆژی چوارشەممە، ١٠ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە سنووری ناوچەی”هیرمەند”ی بەلووچستان لە دیوی ئێران و لە سنووری ناوچەی “شوغاڵەک” لە دیوی ئەفغانستان، شەڕ و تێکهەڵچوون هاتووەتە ئاراوە و هێزەکانی گرووپی تیرۆریستیی تاڵیبان بەسەر چەند بنکە و پایگایەکی هێزەکانی ڕێژیمی ئێراندا زاڵ بوون و هەواڵەکان باس لە هەڵهاتنی هێزەکانی ڕێژیم و دەسبەسەرداگرتنی بنکە و مۆڵگە سنوورییەکانی ئەو ڕێژیمە لە ناوچەی شەڕەکە لەلایەن تاڵیبانەوە دەکەن.
هەواڵدەریی “تەسنیم”ی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە بەبێ ئاماژە بە گرتنی بنکەکانی ڕێژیم لەلایەن تاڵیبانەوە، ئەو تێكهەڵچوونەی بە هەڵەیەکی نەخوازراو لەقەڵەم داوە.
هەروەها هەواڵدەرییەکانی تاڵیبانیش ئەم هەواڵەیان پشتڕاست کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران بە دامەزرانی تۆپخانەکانیان ڕوو بە بنکە سنوورییکانی تاڵیبان، دەستپێشخەری شەڕەکە بوون.