لە حاڵیکدا کە هەموو جیهان تیشکی خستووەتە سەر دانوستانەکانی ناوکیی “ڤیەن” کە لە دوو ڕۆژی ڕابردووەوە دەستیپێکردووە، بەڵام لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە کۆسپ دەخرێتە سەر ڕێگای وتووێژەکان و داواکارییەکانی کۆماری ئیسلامی لە گەڵ خواستی وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکادا ناگونجێ، بەرپرسانی پلەبەرزی ئورووپایی دەڵین: تاران بۆ دەوری حەوتەمی دانوستانەکانی ڤیەن لە کوێ ڕایگرتووە دەبێ هەر لەوێوە درێژەی پێبداتەوە.
لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی سوورە لەسەر ئەوەیکە ئێران بە نایاسایی و بە خێراییەکی زۆرەوە خەریکی بەرهەمهێنانی چەکی ناوکییە و ئەمەش کێشەیەکە کە ئەو ڕێژیمە ناهێڵێ بەرپرسانی ئەو ئاژانسە سەردانی دامەزراوە ناوکییەکان بکەن.