لەدڕێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەدژی بەرپرسانی گەندەڵی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی ڕابردوو ٤ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارەکانی ئێران بەڕێوەچوو.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هرانا، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەدژی ڕێژیمی سەرەڕۆ و گەندەڵی ئێران، ٤ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارەکانی ئێران وەکوو کۆبوونەوەی کرێکارانی خانەنشینکراوی کۆمپانیای نەیشەکەری حەوت تەپە لەبەردەم درگای چوونە ژوورەوەی ئەو کۆمپانیایە، بنەماڵەی منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشی” ئێس ئێم ئای” بۆ چوارەمین ڕۆژی بەردەوام لە بەردەم مەجلیسی ڕێژیم لە تاران، کرێکارانی شارەوانی کیش لە بەردەم رێکخراوی ناوچەی ئازادی ئەو شارە و کۆمەڵێک لە مامۆستایانی پارێزگای قوم بۆ دووهەمین ڕۆژی بەردەوام لە بەردەم بینای ئیدارەی پەروەردە وبارهێنانی قوم بەڕێوەچوو.
هەروەها هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی ئێران، کۆمەڵێک لە کرێکارانی کانگای “مس”ی سوونگوون وەرزقان، مامۆستایانی قوتابخانەی شێراز و مامۆستایانی قوتابخانەی خەدیجەی شاری خەرامە بە مەبەستی دابینکردنی مافەکانیان لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە دەستیاندایە مانگرتنی گشتیی.