دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران جارێکی تر لێڕەوارەکانی دەوروبەری گۆلی زرێباریان لە شاری مەریوان ئاگرتێبەردا و ڕووبەرێکی زۆر لە سروشتی ناوچەکە سووتا.
لە درێژەی سیاسەتی دژە کوردی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران لە کوردستان، جارێکی دیکە بەکرێگیراوانی ڕێژیم تایبەت بە کاولکاریی ژینگەی کوردستان لە شاری مەریوان، جەستەی زرێباریان ئاگرتێبەردا و ڕوبەرێکی زۆر سروشتی دەوروبەری گۆلی زرێباریان سووتاند.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی ناوخۆ و بەتایبەت هەواڵدەرییەکانی شاری مەریوان؛ ڕۆژی چوارشەممە، ١٠ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، کاتژمێر ١ی دوانیوەڕۆ،بەکرێگیراوانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران لە شاری مەریوان، لێڕەوار و لەوڕگە و قامیشەڵانەکانی دەوروبەری گۆلی زرێواری مەریوان ئاگرتێبەردا و ڕووبەرێکی زۆر و بەرفراوانی سروشتی دەوروبەری گۆلەکە و ناوچەکە بەگشتی سووتا.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان؛ تەنیا لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا چەندین جار ڕێژیمی داگیرکەر چەندین هێرشی کاولکارانەی کردووەتە سەر گۆلی زرێبار و لەم هێرشانەشدا زیاتر لە ٨٠ دۆنم لە لێڕەوار، لەوڕگە، دارستان و قامیشەڵان و بەگشتی سروشتی دەوروبەری گۆلی زرێبار سووتاوە و لەنێو چووە.
گۆلی زرێبار بە یەکێک لە گەورەترین گۆلەکانی ئاوی شیرین لە جیهان و هەروەها بە گۆلێکی ستراتیژیی کوردستان و ناوچەکە ئەژمار دەکرێت. ئەو گۆلە هەروەها وەکوو ناوچەیەکی سروشتیی بەرچاو و دیاری جوگرافیای کوردستانە کە زۆر جار بووەتە سەرچاوەی هەستی ئەدەبیی ئەدیبانی کورد و شوێنێکی گرینگی گەشتوگوزاری و سەیران و شوێنی داهاتی بەشێک لە خەڵکی مەریوانە.