دانوستانەکانی ڕێککەوتنی ناوکیی نێوان ڕێژیمی ئێران و زلهێزانی جیهان لە ڤیەن درێژەی هەیە، بەڵام هەئیەتێکی پلەبەرزی فەرماندەی سەربازیی ئەرتەشی ئیسرائیل بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ فەرماندەکانی پلەبەرزی سەربازیی ئەمریکا چاوپێکەوتنیان کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی “ئای ٢٤نیوز”ـی ئیسرائیل، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، هەیئەتێکی سەربازیی ئیسرائیلی بە سەرۆکایەتی “عودد باسیوک” فەرماندەی چالاکییە سەربازییەکان، “تێل کۆلمەن” بەرپرسی بەرگری ئیسرائیل لە ئەمریکا و “ئێفی دێفرین” بەرێوەبەری پێوەندییەکانی نێونەتەوەیی ئیسرائیل، لەو فەرماندە سەربازییانە بوون کە وەکوو هەیئەتێک لە گەڵ بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا بە ئامادەبوونی فەرماندەی سێنتکام لە “فلوریدا” بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، چاوپێکەوتنیان کرد.
ئەرتەشی ئیسرائیل، لە بەیاننامەیەکدا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند کە، بابەتی ئەو چاوپێکەوتنە ئەوە بوو کە، فەرماندەکانی سەربازیی هەردوو وڵاتە لە بارەی هاوکاری چالاکییەکانی سەربازی لە ناوچەکەدا و دژکردەوەیان بەرانبەر کۆماری ئیسلامیی ئێران وتوێژیان کرد و ئامادەیی خۆیانیان بۆ ڕووبەرووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران دەربڕی و لە ئەگەری هەر دژکردەوەیەکی ڕێژیم بە نیسبەت ڕێککەوتنی بەرجام ئەو ڕێژیمە بێ وڵام نامێنێتەوە.
جێی ئاماژەیە کە، “ئای ٢٤نیوز” باسی ئەوەشی کرد کە، باسیوک و کۆلمەن، لە حەوتووەکانی داهاتوودا کۆبوونەوەی زۆریان لە گەڵ بەرپرسانی پلەبەرزی سەربازیی ئەمریکا دەبێ.
ڕای گشتیی هەر دوو وڵات لەسەر ئەو باوەڕەن کە، بەرپرسانی سەربازیی هەردوو وڵات، بەتەواوی خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئامادە کردووە.