ڕێژیمی ئێران پاش دەسپێکردنەوەی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن، ئیسرائیل بە هەوڵدان بۆ بەلاڕێدابردنی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن لە نێوان ئێران و وڵاتە زلهێزە جیهانییەکان تۆمەتبار دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر دەنووسێ: ئیسرائیل کە بوونی لەسەر دژایەتیی دامەزراوە، لە ئێستادا و لە کاتی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن خەریکی دووبەرەکی نانەوە و درۆکردنە دەیهەوێت بەمجۆرە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بە لاڕێدا ببات.
خەتیبزادە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە جیاواز کە دەنگۆ ناڕاستەکان کە ئیسرائیل بۆ لەباربردنی وتووێژە ناوکییەکان بڵاوی دەکاتەوە لە ئێستادا هەموو وڵاتانی ئەندام لەو رێککەوتنە بە ئێرادەیەکی بەهێزەوە دەیانهەوێت وتووێژەکان بگەیێنن بە ئاکام ولەگەڵ ئێراندا بگەن بە ڕێککەوتنێکی باش.
هەرلەم پێوەندییەدا چەند ڕۆژ پێش یائێر لاپید، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئێمانۆئێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرانسە ڕایگەیاندبوو کە ڕێژیمی ئێران دەیهەوێت لە وتوێژە ناوکییەکان کاتی زیاتر بە دەست بێنێت بۆ پەرەپێدان بە بەرنامەی ناوکییەکەی و دەسپێڕاگەیشتنی بە چەکی ناوکیی.