شەوی هەینی لە سەر شەمە ٢٨ لە سەر ٢٩ ڕەشەمە دایە تۆبا عەلی نەژاد، لە شاری شنۆ کۆچی دوایی کرد. دایە توبا لە ٣٣ ساڵەی شەهید بوونی حەسەن چەوساوەی کوڕی دا ماڵاوایی لە ژیان کرد
دایە توبا عەلینەژاد، دایکی پێشمەرگەی قارەمان و لاوی هونەرمەند حەسەن زودیفەر ناسراو بە “حەسەن چەوساوە” پێشمەرگەی هێزی ئەفشین بوو.
حەسەن زوودیفەر لاوێکی بە هەست و شۆڕشگێر بوو کە پاییز و زستانی ١٣٥٧ لە ڕێکخستنی خۆپێشاندانەکانی دژ بە ڕێژیمی شایەتی دا، ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو، هەر بۆیە وەک نوێنەری قوتابیان بە ئەندامی یەکەم شووڕای شاری نەغەدە هەڵبژێردرا. دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران حەسەن بوو بە پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات و لە هێزی ئەفشین چەکی بەرگری لە کەرامەتی نەتەوەکەی کردە شان. ئەو لاوە ئازا و بە هەستە شانبەشانی قارەمانەتی نواندن لە سەنگەری بەرگری دا، لە هەر دەرفەتێک دا خۆی بە وێنەکێشان و تابلۆی نەققاشییەوە خەریک دەکرد. بنکەی سەرەکیی لکی شەهید جەلالی هێزی ئەفشین، بە دەیان تابڵۆی وێنەی شەهیدان ڕازابۆوە کە حەسەن زوودیفەر کێشابوونیەوە. زستانی ١٣٦١ حەسەن زوودیفەر کە لە نێو هاوڕێیانی بە حەسەن چەوساوە ناسرابوو، هاتە ڕیزەکانی یەکیەتیی لاوان لە ناوچەی نەغەدە وەک کادرێکی بەوەجی ئەو یەکیەتییە دەست بە کار بوو.
ئێوارەی ٢٩ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٦١ دایە تووبا بۆ سەردانی کوڕە پێشمەرگەکەی لە بەرەبەری نەورۆز دا خۆی گەیاندە ئاوایی مەمەلیان لە ناوچەی سندووس. کەمتر لە سەعاتێک بوو لە گەڵ حەسەنی کوڕی و هاوڕییانی پێشمەرگەی چاویان بە یەک کەوتبوو کە هەواڵی هێرشی بەربڵاوی پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ناوچەی سندووس و شاروێرانی سەروو بە هێزی ئەفشین گەیشت. ئەم شەوە و ڕۆژی دواتر هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ڕێژیم لە چەند شەڕگە تووشی شەڕ و تێکهەڵچوون بوون. بە تایبەتی لە نێوان ئاواییەکانی مەحمەدشە، چەقەڵ مستەفا و خەڵیفەلیان شەڕێکی نابەرامبەر ڕووی دا کە تێی دا پۆلێک لە پێشمەرگەکانی هێزی ئەفشین شەهید بوون. حەسەن زوودیفەریش یەک لەو شەهیدانە بوو. بەم جۆرە دایە توبا و حەسەنی کوڕی لە نەورۆزی خوێناویی دەشتی سندووس دا بە جەستە بۆ هەتا هەتایە لێک دابران. بەڵام توبا خانم، وەک دایکی شەهیدێکی خۆشەویست و وەک ژنێکی بە ویقار، ڕێگا و ئامانجەکانی کوڕە شەهیدەکەی هیچ کات لە بیر نەکرد. لە هەموو کۆڕ و مەجلیسێک شانازیی بە هێزی پێشمەرگە و ڕێبازی دیموکرات و خەباتی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان دەکرد. دایە توبا زیاتر لە ١٠ ساڵ بوو لە شاری شنۆ نیشتەجێ ببوو. سەرئەنجام لە سی وسێهەمین ساڵەی شەهید بوونی حەسەنی کوڕی دا مالاوایی لە ژیان کرد.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی ئەو دایکە خۆراگر و سەربەرزە، گەرمترین سەرەخۆشی و هاودەردی پێشکەشی بنەماڵە و کەسوکاری دایە توبا و خەڵکی شارەکانی شنۆ و نەغەدە دەکا. یادی دایە توبا وەک ناو و یادی کورە قارەمانە شەهیدەکەی، حەسەن زوودیفەر لای تێکۆشەرانی دیموکڕات هەر بە بەرزی و بەڕێزی دەمێنێتەوە.