ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ بەڕێوەبردنی ئامانج و پیلانەکانی خۆی لە سووریە، لە پێتەختی ئەو وڵاتە ناوەندێکی تری بازرگانی کردەوە.
لە کاتێکدا کە بێکاری، گرانی، هەژاری و چارەڕەشی و دەیان و سەدان دیاردە و قەیرانی تر باڵیان بەسەر وڵاتی ئێراندا کێشاوە و بەو هۆکارانەوە ژیانکردن لەو وڵاتە ئەستەم بووە و خەڵک بە تەواوەتی وەزاڵە هاتوون، ڕێژیمی سەرەڕۆی ئێران لە ناوچەی ئازادی شاری دیمەشق، پێتەختی وڵاتی سووریە، بە مەبەستی ئاسانکاریی دارایی و دابینکردنی بوودجەی پێویست بۆ باشتر بەڕێوەبردنی ئامانج و سیاسەتە ئاژاوەگێڕانەکانی خۆی لەو وڵاتە و ناوچەکە، ناوەندێکی تری بازرگانی کردەوە کە ڕاستەوخۆ لەلایەن سپای تێرۆریستیی پاسداران بەڕیوە دەچێت و لەلایەن لقی قودسی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییەوە سەرپەرستی دەکرێت.
بە پێی ڕاپۆرتی “سەحەر تیڤی”ی ڕێژیم؛ سەیدڕەزا فاتیمیی ئەمین، وەزیری پیشەسازی و کانزا و بازرگانیی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی سێشەممە، ٩ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، ئەو ناوەندەی ڕێژیمی لە دیمەشق کردەوە و لەکاتی کردنەوەی ناوەندەکەدا وتی: “ئەم ناوەندە بە ڕاوێژی نێوان ئێران و سوریە بە مەبەستی پەرەپێدانی سەرمایەدانان و سەرمایەگوزاریی ھاوبەش و گۆڕینەوەی ئەزموون کراوەتەوە تاکوو داکۆکی لە سووریەی دوای قەیران بکات”.
هەروەها ئەو وەزیرەی ڕێژیم وتیشی؛ ناوەندی بازرگانیی ئێران لە دیمەشق ھەلێکە بۆ بەهێزکردنی ئابووریی ولاتی سووریە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئەو دوو وڵاتە.
کردنەوەی ئەو ناوەندە بازرگانییەی ڕێژیم لە سووریە، لە کاتێکدایە سەرەڕای ئەوەی کە ڕێژیم دەستی بەسەر سەرجەم سەرچاوە سروشتییەکانی هەرێمەکانی ئەو وڵاتە و بەتایبەتی کوردستان و خووزستان کە بە دوو هەرێمی دەوڵەمەندی ئێران و ناوچەکە و هەروەها بەلووچستان وەکوو شاڕێی بازرگانیی ئاویی ناوچەکە و هەموو داهاتی وڵاتی ئێراندا گرتووە، کەچی هێشتا نەک تەنیا هیچ هەنگاوێکی هاوشێوەی بۆ بووژانەوەی ئەو هەرێمانە هەڵنەگرتووە؛ ئەوە حاڵێکدایە کە ئەو سێ هەرێمە لە ئێراندا ساڵانە بەرزترین ئامارەکانی هەژاری، بێکاری، چارەڕەشی و زۆربەی دیاردە و قەیرانەکانی تر و تەنانەت کێشەی ناسنامە و خوێندیان هەیە و ڕێژیمیش داهاتی سەرچاوەکانی ئەو هەرێمانە و گشت وڵاتی ئێران لە سووریە، یەمەن، لوبنان، فەلەستین و وڵاتانی تر بەفیڕۆ دەدات.