“یووسف نووری”، وەزیری نوێی پەروەردەی ڕێژیم، پاش پێشنیاری سێ وەزیر بۆ وەزارەتی پەروەردەی دەوڵەتی دەستنیشانکراوی ئیبراهیم ڕەئیسی هەڵبژێردرا و ڕۆژی یەکشەممە ٧ـی سەرماوەزی ١٤٠٠ـی هەتاوی، دەنگی متمانەی لە مەجلیسی فەرمایشی ڕێژیم وەرگرت.
ناوبراو گرینگترین پلانی خۆی پەروەردەکردنی منداڵ بە هۆگری بە ویلایەتی فەقیە و شوێنکەوتنی قاسم سولەمانی زانی؛ هەر لەم پێوەندییەدا بە وتەی “نەجات بەهرامی” جێگری پێشووی پێوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی پەروەردە، بەرنامەی نووری دووپاتکردنەوەی پڕۆژەی فکریی ٤٣ ساڵەی کۆماری ئیسلامییە بۆ ڕاهێنان و پەروەردەی توندئاژۆیانە و بارهێنانی کەسانی گوێڕایەڵ.
وەزیری نوێی پەروەردەی ڕێژیم ئەوەشی خستە ڕوو کە هەوڵ دەدات بیرۆکەی قوربانیدان بخاتە نێو بەرنامەکانی وەزارەتی پەروەردە و کەسانێک پەروەردە بکات کە هەموو ژیان و هەوڵی خۆیان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی و دروشمەکانی ئەو سیستمە فیکرییە کە لەم چەند ساڵەی دواییدا لەلایەن خامنەییەوە بانگەشەی بۆکراوە، تەرخان بکەن.