لە ماوەی ڕابردووەدا گاڵتەکردنی ڕۆژنامە و ڕاگەیاندنەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە یەکتر زیاتر بووە و بوونەتە تریبنی دژ بە یەکتر.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی باڵە جیاوازەکان و بەرە سیاسییە فۆرماڵیتەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی خۆڵکردنە چاوی خەڵک لەو ولاتە، ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەکانی ئەو بەرە فۆرماڵیتانە بە شێوازی سیناریۆداڕێژراو و ڕوواڵەتی، بەردەوام چەواشەیان دەکرد و هیرشیان دەکردە سەر یەکتر، ئەم هێرشە ڕوواڵەتییانە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پەرەی سەندوو و گەیشتە ئاستێک کە نێوان بەرپرسانی باڵەکانی ئەو ڕێژیمە ئاڵۆزی دروست کرد کە ئەم ئاڵۆزی و مڵمڵانێیانە هەنووکەش بە شێوەیەکی توند درێژەی هەیە و بووەتە شەڕی نێوان بەرپرسی باڵەکانی ڕێژیم و میدیاکانی ڕێژیمیش گاڵتە بە یەکتر دەکەن.
لەم پێوەندییەدا ئەمڕۆ سێشەممە، ٩ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، ئاخوند “مەسیح مەهاجری” خاوەن ئیمتیازی ڕۆژنامەی “جمهووری ئیسلامی”، لە سەروتاری ژمارەی ١٢١٣٦ی ئەو ڕۆژنامەیەدا هێرشی کردووەتە ناوەندی دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێران و بە شێوازێکی گاڵتەجاڕانە ڕایگەیاندووە؛ “ناوەندی دەنگوڕەنگ بە شێواز و سەبکی سەردەمی قاجاڕەکان ڕووماڵی هەواڵەکان دەکات”.
ئەم ئاخوندەی خاوەن ئیمتیازی ڕۆژنامەی “جمهووری ئیسلامی”، پێشتریش چەندین جاری تر هێرشی کردووەتەوە سەر ناوەندی دەنگوڕەنگی ڕێژیم و بە دواکەتووترین میدیای سەردەمی ئەژمار کردووە و هەروەها لەلایەن دەنگوڕەنگی ڕێژیمیشەوە بە پلار و توانجەوە وڵامی دراوەتەوە.
شایانی باسە کە لە ماوەی ڕابردوودا، لە درێژەی ئەم ئاڵۆزییانە و گاڵتەکردنی میدیا و ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەکانی ڕێژیم بە یەکتر، چەندین ماڵپەڕ و ڕۆژنامەی ئەو ڕێژیمە داخراون و مۆڵەتی چالاکییەکانیان لەلایەن لێژنەی چاوەدێریی بەسەر بڵاوکراوەکانی وڵاتی ئێراندا کە سەر بە وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی ڕێژیمە، هەڵوەشاونەتەوە.