حەسەن نەورۆزی جێگری سەرۆکی لێژنەی دادوەری و یاسایی مەجلیسی ڕێژیم، ڕەخنەی لە بەکارهێنانی وشەی “منداڵهاوسەری” بۆ کچانی تەمەن ١٣ یان ١٤ ساڵ دەگرێ و دەڵێ منداڵ ٩ یان ١٠ ساڵە، بەڵام ئەو کچەی تەمەنی دەگاتە ١٣ ساڵ چیتر منداڵ نییە.
ئەو مۆرەیەی ڕێژیم لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی “فەرارو” دەڵێ: “تێڕوانینی دروست لەسەر بابەتی هاوسەرگیری، تێڕوانینی ئیسلامە” و جەختی لەوە کردەوە کە “تەمەنی هاوسەرگیری لە کچاندا بە مانای کۆتاییهاتن بە تەمەنی منداڵییە کە بە گشتی و بەپێی شەرع تەمەنی ١٣ یان ١٤ ساڵە.”
ناوەندی ئاماری ڕێژیم لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ڕایگەیاند کە هاوسەرگیریی کچان لەنێوان تەمەنی ١٠ بۆ ١٤ ساڵ لە بەهاری ١٤٠٠ـی هەتاوی، بە بەراوەرد لەگەڵ بەهاری ساڵی پێشوو لە سەدا ٣٢ زیادی کردووە و نزیک بە ٩ هەزار و ٧٥٣ هاوسەرگیری لەنێوان ئەم تەمەنانە لەم ساڵدا ڕووی داوە. بەپێی هەر ئەو ئامارانە، بەهاری ئەمساڵ ٤٥ هەزار و ٥٢٢ کچی تەمەن ١٥ بۆ ١٩ ساڵ هاوسەرگیریان کردووە، هاوکات ئامارەکە تەنیا پێوەندی بە هاوسەرگیریی فەرمییەوە هەیە و بە لەبەرچاو گرتنی ئەوانەی کە بە فەرمی تۆمار نەکراون، ڕێژەکە زۆر زیاتر دەبێ
جێی ئاماژەیە وڵاتی ئێران دووهەم وڵاتی جیهانە لەسەر پرسی منداڵهاوسەری و مافناسێک بە ناوی “عەبدول سەمەد خوڕەمشاهی”، سەبارەت بەو بابەتە دەڵێ: “ئامارەکان ئەوە نیشان دەدەن کە ئێران لەدوای وڵاتی ئەفریقایی “گینە” زۆرترین هاوسەرگیری بۆ کچانی منداڵ هەیە و لەلایەکی دیکەشەوە ئاماری جیابوونەوە لە ئێران زۆرە کە دیسان پیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە پرسی منداڵهاوسەرییەوە”.