باڵوێزی ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە شۆرای ئەمنییەتی ئەو ڕێکخراوەیە کرد کە زیاتر بپڕژێنە سەر هەڕەشە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە دا.
“لیندا تۆماس گرینفلید” باڵوێزی ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دانیشتنی شۆرای ئەمنییەت سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وتی:”کاریگەرییەکانی شەڕانگێزییە ناوچەییەکان، زێدەڕۆییە ناوکییەکان و ڕقی مێژوویی ڕێژیمی ئێران لەدژی ئیسرائیل، بۆ چاوپۆشی لێ کردن نابێ و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە شۆرای ئەمنییەت بەجێی تەرکیز لەسەر ئیسرائیل، بپڕژێتە سەر هەڕەشە و ئاژاوەکانی ڕێژیمی ئێران”.
باڵوێزی ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی کە: “ئەو شۆرایە دەتوانێ بە ئامانجی کەمکردنەوەی چالاکیی تێکدەرانەی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە، هەڕەشە ناوکییەکان و هەروەها پشتیوانی لە ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی وەک حەماس و حیزبوڵای لوبنان، بڕیارنامە دژی ئێران دەربکا و نەهێڵێ ئەو ڕێژیمە درێژە بە زێدەڕۆییەکانی بدا.”