لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەدژی دەسەڵاتی سەرەڕۆی ئاخوندی لە ئێران، ڕۆژی ڕابردوو ١٩ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی ئێران بەڕێوە چوو.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هرانا، ڕۆژی سێشەممە ٩ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بەدژی دەسەڵاتی گەندەڵ و سەرەڕۆی ڕێژیمی ئێران، ١٩ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی وەکوو کۆبوونەوەی کرێکارانی کۆمپانیای دابینکردنی ماددە کانزاییەکانی چنارە لە شاری ئەندیمێشک بۆ سێهەمین ڕۆژی بەردەوام لەبەردەم بینای ئیداری ئەو کۆمپانیایە، کرێکارانی کۆمپانیای “ئاسن ئاجین، زۆحەل”ی سونگوونی وەرزقان لە حەوشەی ئەو کۆمپانیایە، کرێکارانی شارەوانیی خوڕەمشەهر لەبەردەم بینای فەرمانداریی ئەو شارە و کرێکارانی فەننی گرێبەستیی ئیدارەی دابەشکردنی کارەبای پارێزگای تاران لە شارەکانی ڕۆبات کەریم، مەلارد، کەهریزەک، شەهریار، ئەندیشە و وەرامین لە شوێنی کارەکانیان بەڕێوە چوو.
هەروەها کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵێک لە کرێکارانی وەرزیی کۆمپانیای نەیشەکەری حەوتتەپە بۆ چەندەمین ڕۆژی بەردەوام لەبەردەم ئەو کۆمپانیایە، بنەماڵەی منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشی”ئێس ئێم ئای” بۆ سێهەمین ڕۆژی بەردەوام لەبەردەم بینای مەجلیسی ڕێژیم، کۆمەڵێک لە دانیشتوانی ناوچەی عەشایری “سێرگچینە”ی بۆیرئەحمەد لەبەردەم بینای ئۆستانداریی کۆهکیلویە و بۆیرئەحمەد، مامۆستایانی پارێزگاکانی فارس، قوم و خووزستان لەبەردەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگاکان و ماڵدزراوانی دامەزراوەی ماڵیی کاسپییەن لەبەردەم بینای دەزگای قەزایی ڕێژیم لە تاران بەڕێوە چوو.