ئەندامانی کۆماریخواز و دێموکراتی کۆنگرەی ئەمریکا، لەهەمبەر کردەوە تێکدەرەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕێژیمی ئێران و بۆ ڕاگرتنی چالاکییەکانیان، گەڵاڵەیەکیان خستە ڕوو.
گرێ گۆری میکس، ئەندامی حیزبی دێموکرات و بەرپرسی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا، وتی: بوونی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەر لەدەستی ڕێژیمی ئیران وەکوو گەورەترین هەناردەکاری تێرۆریسم لە جیهاندا، ئاسایشی ئەمریکا و ئاشتی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە و بەهیچ شێویەک هیچ پشتیوانییەک لە بەرنامەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕێژیمی ئێران قەبووڵ ناکرێ؛ هەروەها لەو گەڵاڵەیەدا باس لەوە کراوە کە، هەر هاریکارێکی ڕێژیمی ئێران لە بواری چالاکیی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە، بێگومان دەچێتە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکاوە.
مایکڵ مەکاڵ، ئەندامی کۆماریخوازی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کرد کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناتوانن لەژێر هەڕەشەی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئازادیدا بژین و ناتوانن ئاسایش و ئاشتییان لە ناوچەکەدا هەبێ؛ ناوبراو هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە، ئەمریکا دەبێ لە تەواوی ئامرازەکان کەڵک وەربگرێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بەرنامەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕێژیمی ئێران و نەهێڵێ ببێتە مەترسی بۆسەر ئاسایشتی ئاشتی جیهان.