بەرپرسی دەزگای زانیارییەکان و ئەمنییەتی نەتەوەیی بریتانیا، سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی حیزبوڵای لوبنانەوە درێژە بە ناسەقامگیرییەکانی ناوچەکە دەدات، وتی: سێ وڵاتی چین، ڕووسیە و ئێران لە سەروی ئەو وڵاتانەدان کە هەڕەشەن بۆسەر بریتانیا.
ڕیچارد مۆر، بەرپرسی دەزگای زانیارییەکان و ئەمنییەتی نەتەوەیی بریتانیا، ڕۆژی سێشەممە ٩ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە سێ وڵاتی چین، ڕووسیە و ئێران، هەڕەشەیەکی گەورەن بۆسەر سەروەریی وڵاتی بریتانیا ڕایگەیاند کە رێژیمی ئێران لە رێگەی حیزبوڵاوە پەرە بە زێدەڕۆییەکان و دەستێوەردانەکانی لە ناوچەکەدا دەدات و هۆکاری سەرەکییە بۆ ناسەقامگیری ناوچەکە و جیهان بە گشتی.
ڕیچارد مۆر لە درێژەدا بە ئاماژە بە دەورونەخشی ڕووسیە لە هەڕەشە بەردەوامەکانی بۆسەر وڵاتی بریتانیا، وتی: ڕووسیە بەردەوام هەوڵی داوە کە لەنێو خاکی بریتانیادا تێرۆر بکات و بەردەوام بە هێرشە سایبێرییەکانی بۆسەر وڵاتەکەمان کیشەی گەورەی بۆ بریتانیا ساز کردووە.