بە بەشداری کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئەدەبدۆستان و شاعیران و نووسەرانی خەڵکی شاری سنە ڕێوڕەسمی پەردەلادان لە چیرۆکەشێعری “خرتێ” بەڕێوە چوو.
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٨ی سەرماوەز، لە کتێبخانەی ناوەندیی شاری سنە ڕێوڕەسمی پەردەلادان لە چیرۆکەشێعری “خرتێ”، هۆنراوەی فەرید ڕاژین، بە بەشداری زیاتر لە دووسەد کەس لە ئەدەبدۆستان و شاعێران و نووسەرانی خەڵکی سنە بەڕێوەچووە.
لەو ڕێوڕەسمەدا مامۆستا ماجد مەردۆخ ڕووحانی، دوکتور نەزیر مۆزەفەری (دەروونناسی منداڵان) و خاتوو زڵێخا بەهمەنی (شاعێری منداڵان)، سەبارەت بە ئەدەبی منداڵان چەند وتەیەکیان پێشکەش کرد و هەروەها بەڕێزان تەوفیق ئیبراهیمی، لەتیف پێندار، ماشەڵا مەیهەمی و ئێقباڵ بەرقی بە خوێندنەوەی شێعر و هۆنەرمەندان زانیار پێندار و حامید پیرا بە مووسیقی کۆڕەکەیان ڕازاندەوە و خاتوو ژالین پەردیس منداڵێکی چاو جوان و خنجیلانە بە خوێندنەوەی شێعری منداڵانە گەڕوتینی بە کۆڕەکە دا.
پاشان فەرید ڕاژین، نووسەری چیرۆکەشێعری “خرتێ”، سپاسی ئەو کەسانەی کرد کە بۆ چاپی ئەم کتێبەدا یارمەتییان داوە و شێعرێکی پێشکەش بە بەشداربووان کرد و لە کۆتایی بەرنامەدا بە بەشداریی مامۆستایان ماجد مەردۆخ ڕووحانی، تەوفیق ئیبراهیمی، حەسەن گۆڕان، شیلان گیلانی، ویدا عۆزەیری، لەیلا ڕەزایی و هەروەها فەتحۆڵا سەفاری، پەردە لەسەر چیرۆکەشێعری “خرتێ” لادرا و ئەم بەرهەمە ئەدەبییە پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کرا.