هاوپەیمانیی عەرەبی لە هێرشێکی ئاسمانیدا دامەزراوەیەکی شاراوەی سپای قودسی ڕێژیمی ئێرانی لە سەنعا کرده ئامانج.
هاوپەیمانیی عەرەبی بۆ پشتیوانی لە دەوڵەتی یاسایی یەمەن، ڕۆژی سێشەممە ٩ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە لە هێرشێکی ئاسمانیدا، دامەزراوەیەکی شاراوەی سپای قودسی ڕێژیمی ئێران، کە شوێنی کۆگاکردنی مووشەکی بالستیک لە شاری سەنعا بووە، کراوەتە ئامانج و بە تەواوەتی لەنێو چووە.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە لەو هێرشە ئاسمانییەدا، چەندین کارگەی بەرهەمهێنانی مووشەکی بالستیک سەر بە سپای قودسی ڕێژیمی ئێران لە بنکەی سەربازیی “ئەلدەیلەمی” کە نزیکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سەنعا کراونەتە ئامانجی هێرشەکان و بە تەواوەتی لەنێو چوون.
جێگەی ئاماژەیە کە ڕۆژی دووشەممەشش لە ئاکامی ١٥ هێرشی ئاسمانیی هاوپەیمانیی عەرەبی بۆسەر پارێزگاکانی مەرئەب و ئەلجووف، ٨٥ میلیشیای حووسی کوژراون و ١٢ ماشینی سەربازیی ئەو گرووپەش بە تەواوەتی تێک شکان.