هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی دووهەمین ڕۆژی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن، وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل، سەرەڕای ئاماژە بە ئامادەیی ئیسرائیل بۆ ئەگەری هێرشی سەربازیی بەدژی ڕێژیمی ئێران، وتی: “هێزە سەربازییەکانی ئیسرائیل ئامادەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەگەرێک.”
ڕان کۆخاڤ، وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل، ڕۆژی سێشەممە ٩ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕادیۆ “کان بێت” وتی: “من ناچمە نێو وردەکارییەکانی سیاسەتەوە، بەڵام بەو جۆرەی کە ئێمە پێشتریش ڕامانگەیاندووە هێزی سەربازیی ئیسرائیل، ئامادەیە بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێک، تەنانەت هێرشی سەربازیی بەدژی ڕێژیمی ئێران.”
ناوبراو لە درێژەدا وتی: “ئێمە ڕێژەی ئامادەبوونی هێزەکانمان گەیاندۆتە ئاستێکی زۆر باش و لە سنوورەکانمان و بەرەکانی پێشەوە هێزەکانمان بۆ پێشگرتن لە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران جێگیرن و ئیزن نادەین ڕێژیمی ئێران دەستی بە چەکی کۆمەڵکوژ ڕابگا.”