داهات و مووچەی مانگانەی کرێکاران و خانەنشینکراوان وڵامی پێداویستییەکانی ژیانیان ناداتەوە و چالاکانی کرێکاری لەسەر ئەو باوەڕەن کە لە بڕی ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ ئەو کاربەدەستانەی ڕێژیم کە داهات و مووچەی نجوومیان هەیە، حکومەت بە دوای زیادکردنی ١٠ لەسەدی مووچەی کرێکاران و خانەنشینکراونە.
“نادر مورادی”، چالاکی کرێکاری لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ هەواڵدەریی “ئیلنا” ڕەخنەی لە هەوڵەکانی ڕێژیم گرت کە بەپێی بارودۆخی نالەباری ئابووری و نرخی زۆری شتومەکەکان، زیادکردنی لەسەدا ١٠ـی مووچە هیچ ئاڵوگۆڕێک لە بارودۆخی کرێکاران و خانەنشینکراوان بەدی ناهێنێ.
مورادی ئاماژەی بەوەش کردووە کە دەسەڵاتداران لەجیاتی دەرکردن و هەڵپەساردنی ئەو کەسانەی کە مووچە و داهاتی نجوومییان هەیە، بە دوای سەرکوتکردنی خەڵکی ئاسایی و هەژاری کۆمەڵگە دان. لە ساڵی ڕابردوودا سەرجەمی خەرجییەکانی ژیان زیاتر لەسەدا ١٠٠ زیادی کردووە، بەڵام مووچە و داهاتی کرێکاران زۆر بە کەمی زیاد کراوە و مەجلیس و بەرپرسانی ڕێژیم لە وەزارەتە پێوەندیدارەکان تەنیا ڕاوەستاون و چاو لە بارودۆخەکە دەکەن.
سەبارەت بە بانگەشەکانی نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان لە چەند مانگی ڕابردوودا، مورادی وتی: “بەبێ بەڵگە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەڵاوسان ڕادەوەستێت، نازانم باسی ئامارە ڕاستەقینەکان دەکەن، یان مەبەستیان ئاماری دەستکرد و درۆیە؟”
لە کۆتایی وتەکانیدا ناوبراو وتی: “پێویستە نوێنەرانی کرێکاران لە ئەنجومەنی باڵای کار بە جیددی، هەوڵ بدەن بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی کرێکاران و خانەنشینکراوان و ئەو ڕاستییە بسەلمێنن کە بژێوی ژیانی ئێستای خەڵک چەند بە سەختی بەدەست دەکەوێ و لەسەدا ١٠ـی بەرزبوونەوەی مووچە هیچ شتێک لە ژیانی خەڵک ناگۆڕێ.