بانکی ناوەندیی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە ئەمساڵ نرخی کرێخانوو لە ئێران لەسەتا ٥٥ بەرز بووەتەوە.
ڕۆژی دووشەممە ٨ـی سەرماوەز ڕاپۆرتێک لەلایەن بانکی ناوەندیی ڕێژیم بڵاو بووەتەوە کە ئاماژە بەوە دەکات ئەمساڵ نرخی کرێخانوو لەسەتا ٥٠ بۆ ٥٥ بەرز بووەتەوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە کرێخانوو لە تاران بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو، بە ڕێژەی لەسەتا ٥١،٦ زیادیکردووە و هەروەها لە زۆربەی شارەکانی ئێران نزیکەی لەسەتا ٥٤،٩ بەرز بووەتەوە.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە ناوەندی ئاماری ڕێژیم لە نوێترین ڕاپۆرتیدا کە ڕۆژی ١ـی سەرماوەز بڵاو بووەتەوە، بانگەشەی ئەوە دەکات کە نرخی کرێخانوو لە سەتا ٢٥،٨ زیادی کردووە، بەڵام ڕاپۆرتە مەیدانییەکان ئەوە پیشان دەدەن کە ڕێژەی کرێ زۆر زیاتر لەوەی کە بانکی ناوەندی ڕایگەیاندووە، بەرز بووەتەوە.
شایانی باسە کە ئەم ئامارە دژ بە یەکانە، زۆرجار لەلایەن ڕێکخراوە جیاوازەکانی ڕێژیم بڵاو دەبێتەوە کە نیشان لە بێبەرنامەیی و گەندەڵی لە نێوخۆی ئەم ڕێکخراوانەیە.
لەلایەکی دیکەوە بەهۆی هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر، نرخی یەک مەتری چوارگۆشەی خانووبەرە لە تاران لەماوەی مانگی ڕابردوودا گەیشتووەتە ٣٢ میلیۆن تمەن و خانوویەکی ٦٠ تا ١٠٠ مەتری لە قەراخ شار، نرخەکەی گەیشتووەتە بە نزیک بە ٥٠٠ میلیۆن تا ١ میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن تمەن.