هەواڵدەریی “ئاکسیوس” لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لەنێو دەوڵەتی ئەمریکا نووسیویەتی: بەرپرسانی پلەبەرزی دەوڵەتی “جۆ بایدێن” زۆر نیگەرانی ئەوەن کە ڕێژیمی ئێران لە بواری بەرنامەی ناوکییەوە بەرەو پێش چووە.
ڕۆژی سیشەممە ٩ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، ئاکسیوس، لە ڕاپۆرتێکی خۆیدا کە لە زاری وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕایگەیاند؛ زێدەڕۆییەکانی بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی، دەوڵەتی “جۆ بایدێن”ـی زۆر نیگەران کردووە و هیچ ئامرازێکی گوشار لە ڕەوتی دانوستانەکانی ناوکیی لەسەر ڕێژیمی ئیران نییە، هەر ئەوەش وایکردووە کە ئەو ڕێژیمە بەبێ لەبەرچاوگرتنی هیچ خاڵێک، لە دروستکردنی چەکی ناوکیی نزیک ببێتەوە و ئەگەر هەروا بەرەوە بروات، بۆ گەڕانەوەی بەرجام زۆر درەنگ دەبێ.
وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ئاکسیوسی وتووە: ئێمە ڕاشکاوانە ڕامانگەیاندووە کە درێژەی زێدەڕۆییەکانی ناوکیی ڕێژیمی ئێران نایاساییە و ئەو ڕێژیمە ئامانجدارانە ئەو کارە دەکا؛ کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهەمبەر گەڕانەوەی بۆ بەرجام، پێبەندی هیج یاسایەک نییە و گەڕانەوەی بۆ بەرجام زەحمەتە و لە دەرفەت کەڵک وەردەگرێ بۆ ئەوەی لە دروستکردنی چەکی ناوکیی نزیک ببێتەوە.