سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە وتووێژێک لەگەڵ ڕۆژنامەی “جێروزالم پۆست”، ڕایگەیاندووە کە ئامانجی ڕێژیمی ئێران لە دانوستانەکانی ڤییەن، گوشارخستنە بۆ سەر ئەمریکا بۆ لابردنی گەمارۆکان و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە نابێ جیهان مل بۆ باجگیریی ناوکیی ئەو ڕێژیمە ڕاکێشێ.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی “جرۆزالم پۆست” ڕۆژی دووشەممە ٨ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، نەفتالی بێنێت، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە دژکردەوە بە زێدەڕەوییەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە ڕەوتی وتووێژە ناوکییەکان، ڕایگەیاند کە ئێران نەک تەنیا بەرنامەی ناوکیی خۆی دەپارێزی، بەڵکوو ئەمڕۆ بەهۆیەوە باجیش دەستێنێ.
ناوبراو ئاماژەی بە سەرکوتکردنی خەڵکی ئێران لەلایەن ئەو ڕێژیمەوە کرد کە چەند ڕۆژە خەڵکی ناڕازیی ئیسفەهانیان کردۆتە ئامانج و هەروەها هەڕەشەکانی ئەبوولفەزل شکارچی لە فەرماندەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران وەبیر هێنایەوە کە وتبووی بۆ لە ناوبردنی ئیسرائیل تەنانەت یەک میلیمەتریش پاشەکشە ناکەین.
نەفتالی بێنێت جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە نابێ هیچ جۆرە ئیمتیازێک بە ڕێژیمێکی ئاوا جینایەتکار بدرێ و نابێ بە دەیان میلیارد دۆلار بگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێژیمە بۆ ئەوەی لە ڕێگای پەرەپێدان بە تێرۆریسم و نانەوەی شەڕ و ئاژاوە لە وڵاتانی ناوچەکەدا پشێوی بنێتەوە و ئێمە داوا لە هاوپەیمانانمان لە سەرانسەری جیهان دەکەین کە بە هیچ شێوەیەک مل بۆ باجگیرییەکانی ڕێژیمی ئێران ڕانەکێشن.