هادی قائێمی، بەرپرسی کەمپەینی مافی مرۆڤ لە ئێران لەسەر خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئیسفەهان وتی: بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەرپرسیارن لەهەمبەر دۆخی تەندروستیی برینداران و دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی ئیسفەهان.
کەمپەینی مافی مرۆڤ لە ئێران، ڕۆژی دووشەممە ٨ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک سەرەڕای بە فەرمی ناسینی خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی ئیسفەهان بەپێی ماددەی ٢٧ی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕایانگەیاند کە دەسەڵات، هێزە چەکدارەکانی خۆی لە ڕیزی یەکەمی بەرنگاربوونەوەی خۆپیشاندەرانی ناڕازیی داناوە و بە تەقەی ڕاستەوخۆ لە خەڵکی خۆپیشاندەری ناڕازیی، “زایەندە ڕوود”ی وشککراوی، کردە گۆمێک لە خوێن.
کەمپەینی مافی مرۆڤ لە ئێران لە درێژەی بەیاننامەکەیاندا، سەرەڕای مەحکوومکردنی توندی سەرکوتکردنی خەڵکی ناڕازیی لەلایەن دەسەڵاتەوە، داوایان لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە کە مافی ناڕەزایەتیی خەڵک لەهەمبەر قەیران و کەمیی ئاو بە فەرمی بناسن و گیانی ئەو کەسانەی کە بریندار بوون و دەسبەسەر کراون، لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە، دەبێ پارێزراو بێ.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ لە ئێران، لە خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی ئیسفەهان، ٢١٤ کەس بە تایبەتی ١٣ منداڵ دەسبەسەر کراون و چەند کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کوژراون و بە دەیان کەسیش بریندار بوون.
لەلایەکی دیکەوە غولامحوسێن موحسێنیی ئێژەیی، بەرپرسی دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی دووشەممە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە چەواشەکارییەکی ئاشکرادا، وتی: کەسانێکی سەر بە هێزە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامیی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران دزەیان کردۆتە نێو خەڵکی خۆپیشاندەری ئیسفەهان و بەمجۆرە دەیانهەوێت، ئاسایشی خەڵک تێک بدەن.