یەکەم دانیشتنی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن پاش چەندین مانگ ڕاوەستان، ڕۆژی دووشەممە لە هوتێل” کۆبۆرگ”ی ڤییەن بە سەرۆکایەتیی ئێنریکە مۆرا، جێگری بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا کۆتایی پێهات.
پاش ڕاوەستانێکی چەندین مانگە لە ڕەوتی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی، ڕۆژی دووشەممە ٨ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، یەکەم دانیشتنی وتووێژەکان بە سەرۆکایەتیی ئێنریکە مۆرا، جێگری بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا و عەلی باقری، جێگری سیاسیی وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران دەستی پێکرد.
لەم پێوەندییەدا میخائیل ئۆلیانۆف، نوینەری ڕووسیە لە وتووێژەکانی ڤییەن، بە هەواڵدەرییەکانی ڕاگەیاندووە کە خولی حەوتەمی وتووێژە ناوکییەکان بۆ دووبارەکردنەوەی رێککەوتنی بەرجام بە سەرکەوتوویی بەڕێوە چووە و بەشداربووان بۆ دڕێژەی وتووێژەکان گەیشتوون بە ڕێککەوتن.
عەلی باقری، جێگری سیاسیی وەزیری دەروەی ئێران و بەرپرسی تیمی دانوستانکاری رێژیمی ئێران لە ڤییەن لەم دانیشتنەدا، سەرەڕای دووبارەکردنەوەی ویستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هەڵوەشانەوەی هەموو گەمارۆکان لەلایەن ئەمریکاوە، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە زۆر پێویستە پرسی لاچوونی گەمارۆکان لە سەرووی وتووێژەکانەوە بێت.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: تا ئەو کاتەی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری ئەمریکا بەدژی کۆماری ئیسلامی لە ئارادا بێ، بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی تەنیا قسەیە و هیچی دیکە نییە.
هەر لەم پێوەندییەدا حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ڕێژیم، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە بۆ گەڕانەوە و دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی بەرجام، دەبێ هەموو گەمارۆکان لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران لابچێ.