هێزی هاوپەیمانیی عەرەبی لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ١٥ هێرشی ئاسمانی کردۆتە سەر میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە مەرئەب و ئەلجووف و لە ئاکامدا ٨٥ میلیشیای حووسی کوژراون.
هێزی هاوپەیمانیی عەرەبی بۆ پشتیوانی لە دەوڵەتی یاسایی یەمەن، ڕۆژی دووشەممە ٨ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە: “هێزەکانمان لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ١٥ هێرشی ئاسمانییان کردۆتە سەر بنکە و مۆڵگەی میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای مەرئەب و ئەلجووف و لە ئاکامدا ٨٥ کەس لە میلیشیا تێرۆریستە حووسییەکان کوژراون و ١٢ ماشینی سەربازیی ئەو گرووپە تێرۆریستییە بە تەواوەتی تێکشکاوە”.
لەلایەکی دیکەوە هێزە هاوبەشەکانی یەمەن ڕۆژی دووشەممە لە گوندەکانی ناوچەی شمیر، ڕووبەڕووی میلیشیا حووسییەکان بوونەتەوە و پاش تێکهەڵچوونێکی قورسی سەربازیی لەنێوان هێزە هاوبەشەکانی یەمەن و میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لەو ناوچەیە، چەندین میلیشیای حووسی کوژران و بریندار بوون.