پآش ئەوەیکە خامنەیی ڕووبە ئێرانییەکانی دەرەوە ڕایگەیاند: بگەڕێنەوە ئێران ئێعدامیش بکرێن ئەوە چاکترە ئێستا ڕەئیسیش ئەو داوایە بەشێوەیەکی دیکە دووپات دەکاتەوە.
سەرۆککۆماری دەستنیشانکراوی ڕێژیم دەڵێت: دەبێ ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات بگەڕێنەوە ناوخۆی ئێران، بەڵێنیشیداوە هەر کەسێک بیەوێ بگەڕێتەوە و لە ئێران وەبەرهێنان بکات، سەرمایەکەی گەرەنتی دەکرێ، بەپێی ڕاپۆرتی شۆرای باڵای کاری ئێران،نزیک بە ٤ میلیۆن و ٣٧ هەزار کەس ئێرانیی لە دەرەوەی وڵاتن و لە هەندێک ئاماری دیکەدا باس لەوە دەکەن نزیکەی ٥ میلیۆن و ٤٠٠ هەزار هاووڵاتیی ئێرانی لە دەرەوە دەژین.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی بودجە و پلاندانانی ڕێژیم، سەرمایەی ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات لەنێوان سێ بۆ چوار تریلیۆن دۆلارە. ئەمە ١٠ بەرانبەری کۆی بەرهەمهێنانی ناوخۆی ئێرانە و هەروەها چوار بەرانبەر لە کۆی داهاتی نەوتی ئێران لە ١٠٠ ساڵی رابردوودا زۆرترە.
لە دەورەی سەرۆککۆماری حەسەن ڕوحانی، ژمارەیەک کەسایەتیی زانستی و ئابووری گەڕانەوە ئێران و هەندێک بەرپرسایەتییان پێدرا بەڵام پاشان دامودەزگا ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم بە تاوانی جۆراوجۆر زۆربەیانیان دەسبەسەر کرد و هەندێکیش بەهۆی گوشاری زۆرەوە دیسان ئێرانیان بەجێهێشت.
بەپێی ڕاپۆرتی بانکی ناوەندیی ڕێژیم لە نێوان ساڵەکانی ١٣٩٠ تا ١٣٩٩ نزیک بە ٩٩ میلیارد دۆلار سەرمایە لە ئێران چووەتە دەرەوە کە دەکاتە ساڵانە نزیکەی ١١ میلیارد دۆلار.
جێی ئاماژەیە ئابووریی ئێران لە دۆخێکی خراپدایە و زۆربەی کەرتەکانی وەبەرهێنان داخراو و نیوە داخراون و خەڵک زەرەرێکی زۆری لەم بارودۆخە پێگەیشتووە و ڕۆژبەڕۆژ ناڕازیتر دەبن، لەم ساڵانەی دوایشدا گەمارۆ و کێشە ئابوورییەکانی دیکە وایانکردووە بەردەوام سەرمایە لە ئێران بچێتە دەرەوە.