بیڵ هاگێرتی، سێناتۆری کۆماریخواز، سەرەڕای هوشدار بە دەوڵەتی بایدێن لەهەمبەر کەمکردنەوەی گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران وتی: ڕابێرت مالی بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی بەرجام هەوڵ دەدات گەمارۆ سەپێندراوەکان بەدژی گەورەترین وڵاتی پشتیوانی تێرۆریزم کەم بکاتەوە.
بیڵ هاگێرتی، سێناتۆری کۆماریخواز، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، سەرەڕای ڕەخنەگرتنی توند لە دەوڵەتی “جۆبایدێن” لەهەمبەر کەمکردنەوەی گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر نووسی: ڕابێرت مالی، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، ڕێبەریی هەوڵەکانی دەوڵەتی “جۆبایدێن”ی بۆ کەمکردنەوەی گەمارۆکانی سەر گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزم وەئەستۆگرتووە.
ناوبراو لەدرێژەدا وتی: کاتی ئەوە هاتووە کە مەجلیسی سێنا یاسای پێداچوونەوە بە گەمارۆکان پەسەند بکا بۆ ئەوەیکە کۆنگرە لەهەمبەر کەمکردنەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران بڕیار بدات.
جێگەی ئاماژەیە کە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن لە نێوان ئێران و زلهێزە جیهانییەکان بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی ڕۆژی دووشەممە ٨ی سەرماوەز دەسپێدەکاتەوە و لەم پێوەندییەدا بەرپرسانی ئەمریکایی ڕایانگەیاندووە کە لە ئەگەری شکستی وتووێژە ناوکییەکان ڕێکارگەلێکی دیکە بەدژی ڕێژیمی ئێران دەگرنە بەر.