میلیشیاکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە لە ترسی هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل چەکوچۆڵ و تەقەمەنییەکانیان لە ناوچەی دێرەزوور دەگوازنەوە بۆ ناوچەی ڕەقە.
چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور پاش هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کۆگای چەکوچۆڵ و تەقەمەنییەکانیان بە ناچار چەکوچۆڵە قورسەکان و مووشەکەکانیان لە دێرەزوور گواستووەتەوە بۆ چۆڵگەکانی ناوچەی ڕەقە.
هەروەها چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە ڕایگەیاندووە کە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، چەندین بارهەڵگری گەورەیان هێناوەتە ناوچەی ئەلشبلی لە چۆڵگەی ئەلمەیادین، هەڵکەوتوو لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور و کۆگای چەک و تەقەمەنییەکانیان هەموو بەتاڵ کردووە دەیگوازنەوە بۆ چۆڵگە و بیابانەکانی ڕەقە.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، پاش هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کۆگای چەک و تەقەمەنییەکانیان و پاش لە نێوچوونی زۆربەی کۆگا چەکوچۆڵەکانیان ئەو بڕیارەیان داوە.