لە هێرشێکی تێرۆریستانی داعش بۆسەر سەنگەرەکانی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، پێنج پێشمەرگە شەهید بوون.
شەوی شەممە ڕێکەوتی ٦ی سەرماوەز، لە سنووری کوڵەجۆ لە هێرشی تێرۆریستانی داعش بۆسەر سەنگەرەکانی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، پێنج پێشمەرگە شەهید و چواری دیکەش بریندار بوون.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی هەرێمی کوردستان، شەوی ڕابردوو تێرۆریستانی داعش لە ناوچەی “تەپی تەڵان” لە سنووری کوڵەجۆ هێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و لەکاتی بەهاناوەچوونی پێشمەرگەکانیش، بۆمبێکی چێندراو بە ماشینێکی هێزەکانی پێشمەرگەدا تەقییەوە و بەو هۆیەوە پێنج پێشمەرگە بە ناوەکانی “ئیبراهیم بارام، ئیسماعیل محەممەد، ئاراس سەمین، ئەمین حوسێن و نەبەرد سەعید”، شەهید بوون و چواری دیکەش بریندار بوون و بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە.