دوو بەرپرسی ئەمریکایی ڕایانگەیاندووە کە هێرشیی سایبێری بۆسەر سیستمی بەنزینخانەکانی ئێران لە سەرەتای مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ کاری ئیسرائیل بووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی “نیویۆرک تایمز” لە زاری دوو بەرپرسی پلەبەرزی ئەمریکایی کە نەیاویستووە ناویان ئاشکرا بێ، نووسی: هێرشی سایبێری بۆسەر سیستمی بەنزینخانەکانی ئێران، لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە.
لەو پێوەندییەدا بەرپرسێکی پلەبەرز لە وەزارەتی نەوتی ڕێژیمی ئێران بە ڕۆژنامەی “نیویۆرک تایمز”ی وتبوو کە ئێران بە سەرنجدان بە هەککردنی سیستمی بەنزینخانەکان، نیگەرانی ئەوە بوون کە دەستیان بە زانیارییەکانی فرۆشتنی نەوت ڕابگا.
جێی ئاماژەیە کە ڕۆژی ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە بەرەبەری دووهەمین ساڵوەگەڕی کوشتاری خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی، هێڕشی سایبێری کرایە سەر سیستمی بەنزینخانەکانی ئێران و پڕۆسەی دابەشکردنی بەنزین بۆ ماوەی چەند ڕۆژ ڕاگیرا.