رۆژی هەینی رێکەوتی ١٨ی مارسی ٢٠١٦ ، کاتژمێر ١ی دوانیوەرۆ، تەرمی فەرماندە و تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکرات، شەهید مەحمود خاس، بە بەشداری بنەماڵە و سەدان کەس لە ئەندامان، دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، نوێنەری حیزب و رێکخراوەکانی کوردستانی و کوردانی تاراوگە کە لە ولاتانی ئامریکا، فینلاند، سۆئێد و دانمارک هاتبوون، هەوەها ژمارەیەکی بەرچاو لە نۆروێژێکانی ناسیاوی بنەمالە، لە گۆرستانی شاری کریستیانساندی نۆروێژ تەسلیم بە خاک کرا.
لە سەرەتایی رێورەسمەکە بەرێز کاک محەممەد گرژاڵی بە نوێنەرایەتی بنەماڵە وێرای سپاس و پێزانینی بنەماڵەی شەهید، بۆ بەشداریکردنی ئەو خەڵکە دەربڕی و لە درێژەی وتەکانی دائاماژەیەکی بەکورتی بە ژیان و رابردوویی نەمر کاک مەحمود خاس کرد.
دواتر کاک محەممەد گۆمانی، هاورێی نیزیکی کۆچکردووە، پارچە شێعرێکی سەبارەت بە کارەساتی لە دەست چوونی ئەو نەمرە خوێندەوە.
پاشان بەرێز مامۆستا مەلا خالەق رێورەسمی ئایینی و خوێندنی تەلقینی لە سەر گۆڕی رەوانشاد کاک مەحمود خاس بە جێی گەیاند.
دواتر خوشکە خونچە خاس پەیامی بنەماڵەی خوێندەوە.
هاورێی دلێر خورشیدی بە نوێنەرایەتی بنەماڵە چەند وتەیەکی بە زمانی نۆروێژی پێشکەش کرد. دوا بەشی رێورەسمەکە بە دانانی چەپکە گوڵ لە لایە:
ـ بنەماڵەی شەهید مەحمود خاس
ـ کۆمیتەی نۆرویژی حیزبی دێموکراتی کوردستان
ـ کۆمیتە ناوچەی کریستیانساندی حیزبی دێموکراتی کوردستان
ـ کۆمیتە ناوچەی کریستیانساندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ـ یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان
ـ یەکیەتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان
ـ کۆمەڵەی کولتووری کوردی کریستیانساند، بەرێوە چوو.
لە کۆتایی دا بەشدارانی رێورەسمەکە بە دانانی چەپکە گوڵ و شاخە گوڵ لە سەر گۆڕی نەمر مەحمود خاس دوایین ماڵاواییان لێکرد.
بەشی دووهەمی رێورەسمەکە کە تایبەت بوو بە پرسە و سەرەخۆشی بەوشێوەیە بەرێوەچوو:
سەرەتا بەرێز کاک کەریم رەسوڵی وەک وەک بەرێوەبەری رێورەسمەکە وێرای بەخێرهێنانی خەڵکەکە بە چەند ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردوکوردستان و نوێترین هاورێی لە دەستچوومان نەمر کاک مەحمود دەستی پێکرد.
پاشان پەیامی کۆمیتەی نۆروێژی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەن هاورێ ئەسعەد خزری، بەرپرسی کۆمیتە خوێندرایەوە. لە سەرەتایی پەیامی کۆمیتە دا هاتبوو: “ئەمرۆ لێرە کۆبووینەتەوە تا ماڵ ئاوایی لە تێکۆشەرێک بکەین کە دەیان سالە هاورێ لە گەڵ مال و منالی ژیانی خۆی تەرخان کردوە بۆ ئازادی گەل و نیشتمانەکەی لە رێزی بزوتنەوەی رزگاری خوازی خەڵکی کورد بە گشتی و تێکۆشەرانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان بە تایبەتی.”
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی کۆمیتە دا هاورێی خزری وێرای ئاماژەیەکی کورت بە کات و شێوەی گوماناوی لەدەست چوونی کاک مەحمود، هیوای خواست کە پۆلیس و دەزگای قەزایی نۆروێژ بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆیان، هەرچی زووتر شێوەی کوژرانی کاک مەحمود روون کەنەوەو بکەر یا بکەرانی ئەو جینایەتە بە سزای خۆیان بگەیەنن.
لە بەشێکی دیکەی پەیامی کۆمیتە دا باسی لە دەسپێکی ژیانی سیاسی کاک مەحمود و خەبات وتێکۆشانی لە نێو حیزبی دێموکراتی کوردستان دا کردبوو کە نیزیک بە نیو سەدە گیانی خۆی تەرخان کرد بۆ خەبات و هەوڵدان بۆ وەدەستهێنانی مافە رەواکانی گەلی کورد لە سەردەمی دوو دەسەلاتی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی دا. هەروەها لە بەشێکی دیکەی پەیامەکە دا هاتبوو: ”
بە ئاشکرا بوونی تێکۆشانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان، تێکۆشانی ئاشکرا و پێشمەرگانەی لە ریزەکانی ئەم حیزبەدا دەست پێ کرد وەک پێشمەرگەیەکی ئازا و بە ورە لە ناو هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات دا ناسراو پلەکانی پێشمەرگایەتی یەک لە دوای یەکدا تێپەر کرد. سەرەنجام بوو بە یەکێک لە فەرماندە ناودارەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستان.
مەحموود خاس سیمای ناسراو و خۆشناوی ناوچەکانی سەردەشت و رەبەت بوو. ئازایەتی و لەخۆبوردویی ئەو بە درێژایی ساڵانی شەڕی داسەپاو و بەربەرکانێ دژ بە هیزە داگیرکەرەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، وێردی سەر زاری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بوو ناوی ئەو هیوا و هۆمیدی چەوساوەکانی ئەو ناوچانە بوو. بە جۆرێک کە جەستەی دوژمن بە بیستنی ناوی ئەو ڕۆڵە قارەمانە، دەکەوتە لەرزە.”
دواتر پەیامی کۆمیتەی هاوکاری پارتە سیاسییە کوردستانییەکان لە باشووری نۆروێژ لە لایەن کاک ئومێد خویندرایەوە.
بەریز کاک حەمەرەسول کەریمی، ئەندامی رێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستان و هاورێ وهاوسەنگەری نەمر کاک مەحمود خاس، وتەیەکی لە سەر کەسایەتی سیاسی و پێشمەرگانەی کاک مەحمود پێشکەش کرد. بەرێزیان وتی:” کاک مەحمود خاس کەسێک نەبوو هەر تایبەت بە بنەماڵەکەی، بەڵکو تایبەت بوو بە گەل و نیشتمان و حیزبەکەی. هەر ئەو ئاپۆرای خەڵکە کە ئەورۆ لەو رێورەسمە دا بەشدارن ، نیشانەی جیگە و پێگەی نەمر مەحمود خاسە.”
کاک حەمەرەسول لە درێژەی قسەکانی دا باسی لە ئازایەتی و قارەمانەتی کاک مەحمود لە کاتی پێشمەرگایەتی دا کرد و نەخش و رۆڵی ئەوی وەک فەرماندەیەک بەرز نرخاند.
دواتر پەیامی هاوبەشی یەکیەتیەکانی لاوان و ژنانی دێموکراتی کوردستان لە لایەن هاورێی ئاژوان مامەش خوێندرایەوە.
هەروەها لە درێژەی رێورەسمەکە دا کۆمەڵێک لە کەسایەتی و دۆست و هاوسەنگەرانی کاک مەحمود خاس هەر یەک لە سەر لایەنێکی کەسایەتی ناوبراو قسەیان کرد.
لە کۆتایی دا کاک عومەر خاس، پەیامی چەند قسەیەکی لە سەر باوکی کرد و پەیامی بنەماڵەی پێشکەش کرد.
پێویست بە ئاماژەیە کە هاورێ کەریم رەسولی وەک بەرێوەبەری ئەم رێورەسمە بە پێشکەش کردنی شێعر و پەخشانی شۆرشگێرانە، هەست و سۆزێکی تایبەتی بەو رێورەسمە دا.