نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران وتی: “ئەگەر ڕێژیمی ئێران بیهەوێ کات بکوژێ و کەڵکی خراپ لە کات وەربگرێ بۆ گەڕانەوەی بەرجام، بە دڵنیاییەوە ئەمریکا دژکردەوەی توندی خۆی دەخاتەڕوو و گوشارەکان بۆسەر ئەو ڕێژیمە زۆرتر دەبن.”
ڕابێرت مالی، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ “بیبیسی” وتی: لە ئەگەری پێبەندنەبوونی ڕێژیمی ئێران بۆ دانوستانەکانی بەرجام و کات کوشتن بۆ نەگەڕانەوە بۆسەر مێزی وتووێژە ناوکییەکان، ئەوە بە دڵنیاییەوە گوشارەکانی بۆسەر ئەو ڕێژیمە زیاتر دەبن و نابێ هیچ لایەنێک پێی سەیر بێ، لەبەر ئەوەی ڕێژیمی ئێران پێبەندی هیچ یاسایەک نییە و دەبێ ئەمریکا و هاوپەیمانان لەسەر ئەو بابەتە خاڵی بەهێزی هاوبەشیان هەبێ و بەرپەرچی کاردارەکانی تاران بن.”
هەروەها ناوبراو وتیشی ئەگەر ڕێژیمی ئێران پێیوایە کە دەتوانێ کەڵکی خراپ لە کات وەربگرێ بۆ ئەوەی گوشار دروست بکا و دواتر بڵێ خوازیاری ڕێککەوتنی باشترین، ئەوە بەهیچ شێوەیەک قەبووڵ ناکرێ. ئێمە و هاوپەیمانانمان بەهیچ شێوەیەک بەو کارەی کۆماری ئیسلامی ڕازی نابین و نابێ قەبووڵ بکرێ و دژکردەوەشمان دەبێ. ئێمە دەمانهەوێ بە ڕێژیمی ئێران بڵێین خەریکە بە ئاراستەیەکی هەڵەدا دەڕوا لە حاڵێکدا کە ڕێگاگەلێکی دیکەی لەبەردەست دایە و ئەو ڕیگایەش کە لەبەردەستی دایە هەمیشەیی نییە و کاتییە و ئەویش تێدەپەڕێ.