نوێنەرێکی پێشووی مەجلیسی ڕێژیم ئاشکرای دەکا کە “موحسین فەخریزادە” سیستەمێکی تایبەت بە دروستکردنی چەکی ناوکیی ئامادە کردبوو.
“فەرەیدوون عەباسی” نوێنەری پێشووی مەجلیسی ڕێژیم لە ساڵڕۆژی کوشتنی “موحسین فەخریزادە” بە ڕۆژنامەی “ئێران”ی ڕاگەیاند کە فەخریزادە سیستمێکی پێوەندیدار بە چەکی ناوکییەوە، دروست کردبوو.
موحسین فەخریزادە بەرپرسی ڕێکخراوی لێکۆڵینەوە و داهێنانی وەزارەتی بەرگریی ڕێژیم بووە و یەکێک بوو لە کەسانەی کە لە پشت بەرنامە ناوکییەکەی کۆماری ئیسلامیدا بوو، کە لە ٧ـی سەرماوەزی ١٣٩٩ کوژرا.
فەریدوون عەباسی کە پێشتر سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ئێران بووە، وتی: فەخریزادە ئەم سیستمەی دامەزراندبوو، بەڵام ئاماژەی بە ناوەرۆکی سیستمەکە نەکرد.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا، هەوڵی دا چەواشەکاری بکا و وتی: “ئەو کارەی فەخریزادە تەنیا بۆ بەرگری لە نیزام نەبووە، بەڵکوو ئێمە لایەنگری هەموو زوڵملێکراوانی ناوچەکەین.”
ئەم وتانە لە حاڵێکدایە کە هەموو دنیا ئەو ڕاستییە دەزانن کە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە تاوانی ڕێژیمی ئێرانە و بۆ مانەوەی خۆی لە هیچ کارێک خۆی نابوێرێ و ئاژاوەی لە هەموو ناوچەکە ناوەتەوە.