لە شاری “سنە” بە هاوکاریی سێ ڕێکخراوی مەدەنی، چالاکییەکی ژینگەپارێزی بەڕێوە چوو.
ڕۆژی هەینی ٥ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، بەرنامەیەکی هاوبەشی ژینگەیی لەلایەن “ئەنجومەنی جەمعییەتی کوردستانی سەوز”، “شنەی نەوژینی کوردستان” و “گرووپی شاخەوانیی فەرهەنگیی چلچەمە” لە شاری “سنە” بەڕێوە چوو.
لەو چالاکییەدا جگە لە چالاکانی ژینگەیی و خەڵکی ئەو شارە، منداڵانیش بەشدارییان کرد و سروودی تایبەت بە ژینگەپارێزییان وتەوە.
ئامانج لە بەڕێوەبردنی ئەو بەرنامەیە، چاندنی تۆوی “بادام، قەزوان و بەڕوو” و چەند جۆری دیکەی تۆوی خۆماڵی و چەقاندنی نەمام بوو.
شایانی باسە کە پێش بەڕێوەچوونی ئەو چالاکییە ژینگەییە لەلایەن ئەو ئەنجومەنانەوە بانگەواز کرابوو کە گشت ژینگەپارێزان، شاخەوانان، چالاکانی مەدەنی و هەموو خەڵکی شاری “سنە” لەو چالاکییە ژینگەییەدا بەشداری بکەن.