وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە کاردانەوە لەهەمبەر سەرکوتی دڕندانەی خەڵکی ناڕازیی ئیسفەهان لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە، نیگەرانییەکانی خۆی دەربڕی.
نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەروەی ئەمریکا، ڕۆژی شەممە ٦ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە تویتێکدا سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانییەکانی ئەمریکا لەهەمبەر سەرکوتی خەڵکی ناڕازیی ئیسفەهان لەلایەن هێزە چەکدارەکانی رێژیمی ئێرانەوە نووسی: خەڵکی خۆپیشاندەری ئیسفەهان بە شێوەیەکی سەردەمییانە ناڕەزایەتییان لەهەمبەر کەمیی ئاو و وشککردنی ڕووباری زایەندە ڕوود و هەروەها گەندەڵیی بەرپرسانی ڕێژیم دەربڕیوە و خەڵکی ئێران مافی خۆیانە کە بێهیواییەکانیان لە دەوڵەت و دەسەڵات دەرببڕن و بێنە سەر شەقامەکان.
هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژێک پێشتر مایک پۆمپێئۆ، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا نووسی: ڕێژیمی ئێران ساڵێک پیشتر بە دڕندانەترین شێوە ١٥٠٠ کەس لە خەڵکی ناڕازیی ئێرانی دایە بەر دەسڕێژی گولـلە و بە تەقەی ڕاستەوخۆ خەڵکی خۆپیشاندەری ئێرانی کوشت و ئەمڕۆش لە ئیسفەهان گۆپاڵ بەدەستەکانی خامنەیی تێرۆریست، تەقەی ڕاستەوخۆ لە خەڵکی ناڕازیی شاری ئیسفەهان دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بوونەتەوە، هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیمی ئێران بە گازی فرمێسکڕێژ، باتۆمی کارەبایی و تەقەی ڕاستەوخۆ چەند کەس لە خۆپیشاندەرانیان کوشتووە و بە دەیان کەسیشیان بریندار کردووە.
هەواڵدەریی هرانا لەم پێوەندییەدا لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا سەرەڕای ئاماژە بە کوژران و برینداربوونی خەڵکی ناڕازیی ئیسفەهان ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا ٢١٤ کەس بە تایبەتی ١٣ میرمنداڵ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیمەوە دەسبەسەر کراون.