زیندانیی سیاسیی كورد والی دروودی، سەڕای تێپەڕكردنی ٢٠ ساڵ لە زینداندا، بەڵام بەهۆی دژایەتیی كاربەدەستانی قەزاییو كۆمیسیۆنی لێبوردن لەگەڵ ئازاد كرانی، هەروا لە بەندیخانەدا ڕاگیراوە.
والی دروودی كە حوكمی زیندانی تاهەتایی بەسەردا سەپێندراوە، پاش ئەوەی ماوەی ٢٠ ساڵە زیندانی كراوە، وەك دوایین ڕێكار بۆ ئازادبوونی داوایهکی بۆ كۆمیسیۆنی لێخۆشبوون ناردووە، بەڵام تا ئێستا وڵامی ئەم دوایهی نەدراوەتەوە.
ساڵی ڕابردوو كۆمیسیۆنی لێخۆشبوون لە پارێزگای یەزد كە والی دروودی لەوێ بەند كراوە، بە لێخۆشبوون له ناوبراو قایل ببوو، بەڵام پاش ئەوەی كە ئەم داواكارییە بۆ ناوەندە پێوەندیدارەكانی تاران نێردرا، لەگەڵ دژایەتیی كاربەدەستانی قەزایی بهرهوڕوو بۆوە.
والی دروودی ڕۆژی ١٢ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٧٥ لە یەكێك لە ئاواییەكانی دەوروبەری كامیاران بە برینداری لەلایەن مەئموورەكانی سپای پاسدارانەوە قۆڵبەست كرا.
ناوبراو كە لە سەرەتاكانی دەیەی حەفتای هەتاویدا نزیكەی ٣ ساڵ لەسەر چالاكیی سیاسی لە زیندانی سنە بەند كرابوو، ڕۆژی ٦ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٧٥ لە دادگای ئینقلابی كرماشان بە تۆمەتی شەڕ لەگەڵ خودا لە ڕێگەی ئەندامەتیی لە حیزبی دێموكراتی كوردستان حوكمی ئهبهدی بەسەردا سەپێندراو پاشان ڕاپێچی زیندانی دیزل ئابادی كرماشان كرا. والی دروودی پاش تێپەڕ كردنی ١٠ ساڵ لەم زیندانەدا بۆ درێژەی حوكمەكەی لە دوورخراوەییدا بەڕێی زیندانی ناوەندیی یەزد كرا.
شایانی باسە بەهۆی ئەوەی كە لە كاتی گیرانی ئەم زیندانییە كوردە لە ساڵی ٧٥ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی كرماشان پێیان گوتبوو بێتوو ناڕەزایەتی دەرببڕێ حوكمی قورستری بەسەردا دەسەپێنن، ئەو لە كاتی خۆیدا نەیتوانیبوو ناڕازیهتیی خۆی کهم سزا نادادپەروەرانەیە ئاشکرا بکاو چەند ساڵ دواتر كە لە بابەت ئەم حوكمە ناڕەزایەتی دەربڕیبوو، دیوانی بەرزی وڵات لە وڵامدا پێی ڕاگەیاندبوو كە ئەم ناڕەزایەتی دەربڕینە لە كاتی خۆی زۆر دوور كەوتۆتەوە، بۆیە بە پەروەندەكەی ڕانەگەنو ئاوڕی لێ نادەنەوە.