بێهرووز کەماڵوەندی وتەبێژی دامەزراوەی ناوکیی ئێران، وتی:” ڕێگە بە ئاژانسی وزەی ناوکیی نادەین دەستی بە ناوەندی بەرهەمهێنانی سانتریفیوژی تێسای کەرەج ڕابگا”.
ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، بێهرووز کەماڵوەندی لە وتووێژێک لەگەڵ کاناڵە ناوخۆییەکانی ڕێژیم وتی: لە کەرەج سانتریفیوژ بەرهەم دێنین و بە شانازییەوە سانتریفیوژی پێشکەوتوو بە ڕیژەیەکی زۆر بەرهەم دەهێنین و بۆ ئەو کارەش پێویست ناکا ئیزن لە هیچ ناوەندێک وەربگرین و بەپێی یاسای ستراتیژێکی مەجلیس، کامێراکانی ئەو دامەزاروەیە دەگوڕدرێن و ئیزن نادرێت ئاژانس دەستی پێی ڕابگا.
ناوبراو لە پێوەندی لەگەڵ وتووێژ لەگەڵ رافائێل گرووسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی وزەی ناوکیی وتی کە دەسکەوتێکی باشمان بووە لەو وتووێژەدا و بەهۆی کەمیی کات بە ئاکام نەگەیشتین. ئەو قسانەی ناوبراو لە کاتێکدایە کە رافائێل گرووسی دوای گەڕانەوەی لە تاران ڕایگەیاند کە دانیشتین لەگەڵ ئێران بێ ئاکام بووە و بانگەشەی کاربەدەستانی ئێران سەبارەت بە ڕێکەوتن لەسەر بەرنامەی ناوکیی ڕەت کردەوە.
ئەو قسانەی ناوبراو لە کاتێکدایە کە سێ وڵاتی ئورووپایی فەرانسە، بریتانیا و ئاڵمان ڕۆژی ڕابردوودا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوایان لە ئێران کردووە کە بە زووترین کات دەستپێڕاگەیشتنی ئاژانس بە دامەزراوەی ناوکیی کەرەج دابین بکرێتەوە و جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە پیتاندنی ئۆرانیۆم لە ئاستی سەتا ٦٠، هیچ پاساوێکی نییە.