بریتانیا بە شێوەیەکی فەرمی گرووپی “حەماس”ی وەکوو گڕووپێکی تێرۆریستی ناوبرد و هەروەها ڕایگەیاند کە ئەندامان و لاینگرانی ئەم گرووپە سزای ١٤ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا دەسەپێ.
وەزارەتی نێوخۆی بریتانیا، ڕۆژی هەینی ٥ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە پاش پەسەندکردنی پارلمانی بریتانیا گرووپی حەماس وەکوو گرووپێکی تێرۆریستی ناسێندراوە و دەچێتە لیستی گرووپە تێرۆریستەکانەوە و ئەو بڕیارە بەو مانایەیە کە ئەندامانی گرووپی حەماس لەهەر شوێنێک دەسبەسەر بکرێن تاکوو ١٤ ساڵ سزای بەندکرانیان بەسەردا دەسەپێندرێ.
جێگەی ئاماژەیە کە بریتانیا لە ساڵی ٢٠٠١ی زایینییەوە گوردانی عێزەدین قەسام، لقی سەربازیی حەماسی وەکوو تێرۆریست ناساندبوو و هەروەها ئەمریکا و یەکیەتیی ئورووپا پێشتر گرووپی حەماسیان وەکوو گرووپێکی تێرۆریستی ناساندووە.
شیاوی باسە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئۆسترالیا گرووپی حیزبوڵای لوبنانی خستە لیستی تێرۆرەوە.